لەسەر داوای دەستەی ژینگە، کۆمیسیۆن لەگەڵ شارەوانییەکان کۆ دەبێتەوە

دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان داوا دەکات کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، کاندیدەکان ناچار بکات ڕەچاوی پاراستنی ژینگە بکەن.

چەند ڕۆژێکی دیکە شەقام، شۆستە و ستوونەکانی کارەبا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، پڕ دەبن لە پۆستەری کاندیدەکان هاوشێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو؛ بەڵام هەر زوو دەستەی ژینگە درکی بەم بابەتە کردووە و لە داواکارییەکدا داوای لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە، پارێزگاری لە پاکڕاگرتنی ژینگە بکات.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە وەڵامی داواکەی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ شارەوانیی پارێزگاکان کۆ دەبێتەوە.

نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ شارەوانییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کۆ دەبنەوە و ئەو شوێنانە دەستنیشان دەکەن کە لەوێ لایەنە سیاسییەکاندا دەتوانن بانگەشە بکەن و پۆستەر هەڵبواسن.

بە گوتەی نەبەرد عومەر، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی 20-10-2024، ماوەی مانگێک مۆڵەت دەدرێتە کاندید و حزبە سیاسییەکان، پۆستەرەکانیان لا ببەن، ئەگەر نا، سزای داراییان بەسەردا دەسەپێنن.

لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، زۆرجار پۆستەرەکان بە دار و درەختی شوێنە گشتییەکانیشدا هەڵدەواسران کە دوای هەڵبژاردنیش بۆ ماوەی چەند مانگێک پۆستەرەکان دەمانەوە. 

دەشتی ئیسماعیل، چالاکوانی بواری ژینگە دەڵێت: هەڵواسینی پۆستەرەکان بە درەختەکان زیانی بۆ ژینگە هەیە، بۆیە داواکارین بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی مەدەنی و ژینگەیی بکرێت.