ئەمڕۆ بارسێلۆنا ڕووبەڕووی یانە ئاڵۆزەكە دەبێتەوە

گرتەیەك لە یاریی وەرزی رابردووی نێوان بارسێلۆنا و جیرۆنا
گرتەیەك لە یاریی وەرزی رابردووی نێوان بارسێلۆنا و جیرۆنا

له‌ دێربی كه‌ته‌لۆنیا بارسێلۆنا ده‌بێته‌ میوانی جیرۆنا كه‌ وه‌رزی ڕابردوو بارسا هه‌ردوو یارییه‌كه‌ی پێ دۆڕاند و هه‌شت گۆڵیشی لێ كرا؛ پێش یارییه‌كه‌ش، هانزی فلیك، ڕاهێنه‌ری بارسێلۆنا ڕایگه‌یاند گاڤی و ئانسۆ فاتی ڕاهێنانیان كردووه،‌ به‌ڵام هێشتا بۆ یارییكردن ئاماده‌ نین.
ئەمڕۆ یەكشەممە له‌ گه‌ڕی پێنجه‌می لالیگا بارسێلۆنا له‌ دێربی كه‌ته‌لۆنیا و له‌ یاریگه‌ی مۆنتیلیڤی لە كاتژمێر 17:15 به‌كاتی هه‌ولێر دەبێتە میوانی جیرۆنا.
بارسێلۆنا تاكه‌ یانه‌ی لالیگایه‌ سه‌رجه‌م یارییه‌كانی بردبێته‌وه‌ و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 12 خاڵ له‌ خانه‌ی یه‌كه‌مه،‌ جیرۆناش حه‌وت خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی پێنجه‌مدایە.
له‌م یارییه‌ بارسێلۆنا به‌هۆی پێكان لە یاریزانە تواناکانی، وەک دی یۆنگ و ئاراوخۆ و كریستنسن بێبه‌ش ده‌بێت، گاڤی و ئانسۆ فاتیش ئه‌گه‌رچی به‌شداری ڕاهێنانه‌كانیان كردووه‌ به‌ڵام هێشتا بۆ یارییكردن ئاماده‌ نین و له‌م یارییه‌ش دوورخراونه‌ته‌وه‌.

هانزی فلیك: جیرۆنا یانەیەكی ئاڵۆزە
ڕاهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی پێش یارییەكە ڕایگەیاند جیرۆنا یانه‌یه‌كی ئاڵۆزه‌ و له‌ چامپیۆنزلیگ یاریی ده‌كات، دەشڵێت: ئێمه‌ متمانه‌مان به‌ خۆمان هه‌یه‌ و ده‌توانێت سه‌ربكه‌وین، هه‌موو شتێك بۆ ده‌ستپێكی یارییه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌م یارییه‌ وه‌كو یارییه‌كی چامپیۆنزلیگ وایه‌، جیرۆنا به‌ كوالیتییه‌كی زۆر باش یاریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ش زۆر باشین و هیوادارین سود له‌و چوار سه‌ركه‌وتنه‌ی گه‌ڕه‌كانی پێشوو وه‌ربگرین.
هانزی فلیك گوتیشی: تیپه‌كه‌م سه‌رجه‌میان له‌ لووتكه‌دان، هێشتا نه‌متوانیوه‌ 11 یاریزان بۆ یارییه‌كه‌ی جیرۆنا دەستنیشان بكه‌م، دڵخۆشم به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئانسۆ فاتی، به‌ڵام له‌م یارییه‌دا به‌شداریی ناكات و طه‌نگه‌ یاریی داهاتوو یاریی بكات. به‌ڵام گاڤی ئه‌گه‌رچی ڕاهێنانی كردووه‌ به‌ڵام بۆ یارییكردن ئاماده‌ نییه‌، لامین له‌ گه‌شه‌كردن دایه‌ و ڕۆژ به‌ ڕۆژیش باشتر ده‌بێت، به‌ڵام پێویسته‌ له‌ هه‌وڵدان نه‌وه‌ستێت، به‌ڕاستی له‌یاریی تۆپی پێدا ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ببیت به‌ باشترین، پێویسته‌ پشوو وه‌رنه‌گریت. بیر له‌ یارییه‌كه‌ی چامپیۆنزلیگ ناكه‌مه‌وه‌ و ته‌نیا بیرم لای جیرۆنایه‌ و ئه‌وه‌ش گرنگترینه‌ بۆ ئێستە.

جیرۆنا لە دژی بارسێلۆنا خاوەنی ریكۆردە
له‌ دواین 10 یاریی نێوانیان، بارسێلۆنا شه‌ش یاریی له‌ جیرۆنا بردووه‌ته‌وه‌، جیرۆناش له‌ دوو یاریی سه‌ركه‌وتنی تۆمار كردووه‌ كه‌ هه‌ردوو یارییه‌كه‌ له‌ هه‌ردوو قۆناخی وه‌رزی ڕابردوو بوو، جیرۆناش بووه‌ چواره‌مین یانه‌ له‌ مێژوو له‌ هه‌ردوو یاریی چوون و گەڕانەوە لە لالیگا له‌ بارسێلۆنا بباته‌وه‌، به‌ كۆی گشتی له‌ دوو یارییه‌كه‌ هه‌شت گۆڵی له‌ بلاوگرانا تۆمار كرد.
 بارسێلۆنا له‌ دواین چوار یاریی سێ یاریی له‌ جیرۆنا بردووه‌ته‌وه،‌ ته‌نیا ڤیاریال له‌م ئاماره‌ له‌ بارسێلۆنا باشتره‌، بارسێلۆنا له‌ دواین دوو دێربی كه‌ته‌لۆنیا دۆڕاوه، ئه‌وه‌ش دوای ساڵی 1967 درێژترین ڕیكۆرده‌، جیرۆنا له‌ به‌رامبه‌ر یانه‌كانی كه‌ته‌لۆنیا له‌ دواین چوار یاریی نه‌دۆڕاوه‌، ئه‌مه‌ش درێژترین زنجیره‌ی نه‌دۆڕانی یانه‌كه‌یه‌ له‌ مێژوودا.