ئەمڕۆ دادگایی سەدە دەست پێ دەکات

دادگاییکردنی مانچێستەر سیتی دەست پێ دەکات
دادگاییکردنی مانچێستەر سیتی دەست پێ دەکات

مانچێستەر سیتی پاڵەوانی دوایین چوار وەرزی پرێمەرلیگ هەڕەشەی سزایەکی گەورەی لەسەرە و ئەگەر پێشێلکارییەکانی لەسەر بسەلمێنرێت، لەوانەیە 100 خاڵی لە پرێمەرلیگ کەم بکرێتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ گەورەترین دادگایی لە مێژووی بەریتانیا دەست پێ بکات کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 150 ساڵ دەبێت لە نێوان مانچێستەر سیتی و ئەنجومەنی پرێمەرلیگ، واتە لەوکاتەوەی مان سیتی دامەزراوە، ئەنجومەنەکە 115 تۆمەتی پێشێلکاری ئاراستەی مانچێستەر سیتی کردووە.

پێشبینی دەکرێت دادگاییەکە کە بە (دادگایی سەدە) ناسراوە، بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بێت و بڕیاری کۆتایی دادگاییەکەش لە کۆتایی ئەمساڵ دەردەچێت، لە هەر ئەنجامێکی نەرێنی یانەی مان سیتی تاکو کۆتایی ئەم وەرزە دەرفەتی هەیە تانە لە بڕیارەکە بدات.

بەپێی رۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی، یانەکانی خولی پلەیەکی ئینگلیزی پێیانوایە لێسەندنەوەی خاڵەکان بەس نییە ئەگەر سەلمێنرا مان سیتی پێشێلی یاساکانی کردووە، پێشنیاز دەکەن تەنانەت بۆ چامپیۆنشیپ دابەزێت و نازناوەکانی چوار وەرزی رابردووشی لێ بسەندرێتەوە.

لە دادگاییەکەی مان سیتی و پرێمەرلیگ ئەم ئەگەرانە هەن:

  • دابەزانی مانچێستەر سیتی بۆ خولی پلەیەک
  • لێسەندنەوەی 3 نازناوی پرێمەرلیگ
  • کەمکردنەوەی خاڵەکانی مان سیتی
  • پێبژاردنی دارایی
  • بێتاوان دەرچوون

بۆ زانین، دوایین جار کە مان سیتی لە چامپیۆنشیپ یاریی کرد لە وەرزی 2001-2002 بوو، دواتر رووی لە پرێمەرلیگ کرد و لەوکاتەوە تا ئێستا توانیویەتی 8 نازناوی پرێمەرلیگ بباتەوە.