لەم مانگەوە مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست، دابەش دەکرێت

وەرگرتنی مووچە لە بانک - وێنە: ئەرشیف
وەرگرتنی مووچە لە بانک - وێنە: ئەرشیف

کارۆخ عەبدوڵلا گوڵاوی، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ، ڕایگەیاند "لەم مانگەوە (ئەیلوول) مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت".

کارۆخ عەبدوڵلا گوتیشی: لە 1ی 9ی 2024 یەکەم مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە مانگی ئەیلوولەوە دەبێت، واتا لە مانگی نۆوە، مامۆستایانی وانەبێژ مووچەکانیان بەشێوەی گرێبەست وەردەگرن کە لەنێوان 400 بۆ 500 هەزارە .

ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئەیلوولی 2024، له دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران  ئیمزا  لەسەر ناو و لیستی  38 هەزار مامۆستای وانەبێژ کراوە کە بوونەتە گرێبەست .

هەر بە گوتەی نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست، لە ئەمڕۆوە لیست و ناوەکان دەنێرێنە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ بەستی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست، بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەش بکرێت .

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی ژمارە (4142) لە 28ـی ئابی 2024، فەرمانی دامەزراندنی وانەبێژانی بە گرێبەست ئیمزا کرد، کە تێیدا هاتووە: بە ڕەچاوکردنی ڕۆڵی گەورەی مامۆستایانی وانەبێژ لە بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا، ئەو بڕیارەیان داوە.

هەر لە بارەی بە گرێبەست کردنی مامۆستایانی وانەبێژ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە پەڕەی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، دووشەممە 16ی9 ی 2024، دیوانی ئەنجومەنی وەزیران،

لەسەرفەرمانی مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە گرێبەست بوونی مامۆستایانی وانەبێژی وەزارەتی پەروەردە تەواوکرا .

هەروەها نووسیویەتی، ئومێد سەباح ، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نوسراوی فەرمی لیستی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری ناردووە بۆ تەواوکردنی ڕێککارەکان و بە گوێرەی ڕێنمایی دارایی ژمارە 10ی ساڵی2019، مامۆستانی وانەبێژ لە1ی 9ی 2024ـەوە مووچەی مامۆستای گرێبەستیان بۆ خەرج دەکرێت.