ڕەحمان خانی: دروستکردنی بەنداوەکان کاریگەریی لەسەر ئاوەدانبوونەوەی گوندەکان هەیە
![ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Sep-2024/17265015589999.jpg)
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایدەگەیەنێت: دروستکردنی بەنداوەکان کاریگەریی لەسەر بووژانەوەی کانیاوەکان و زیادبوونی ئاوی ژێر زەویی هەیە، دەشڵێت: ئەو بەنداوانە وا دەکات گوندەکان چۆڵ نەبن.
دووشەممە 16ـی ئەیلوولی 2024، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:
ئەمڕۆ بەردی بناغەی بەنداوی دوین داندرا کە لەدوای بەنداوی گۆمەسپان لە شوێنێکی مێژوویی گرنگ دروست دەکرێت.
دەشڵێت: دروستکردنی بەنداوەکە لەو شوێنە کە ئاوێکی زۆری هەیە، یەکێکە لە بەنداوە گەورەکان، دەبێتە دەستەخوشکی بەنداوی گۆمەسپان کە ئەمساڵ تەواو دەبێت و کاریگەریی دەبێت بۆ کشتوکاڵ و بوژانەوەی ناوچەکە و گەشتیاریی و ڕەخساندنی هەلیکار، بۆ ئەوەی ناوچەکە ببێتە جێی سەرنجی وڵاتانی ناوچەکە، دەچێتە پاڵ تەواوی پرۆژە ستراتیژییەکانی دیکە لە دروستکردنی بەنداو و پۆند و گرنگیدان بە کۆکردنەوەی ئاو و ڕووبەڕووبەوەنەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی بۆ ناوە.
ڕاشیگەیاند: پلانەکانی دروستکردنی بەنداو بەردەوامیی هەیە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، گوتی: کۆی ئەو بەنداوانەی لە هەرێمی کوردستان هەن و ئەمساڵ تەواو دەبن، 24 بەنداو دەبن کە ئاویان تێدا گلدەدرێتەوە، جگەلەو بەنداوانەی کە پێویستییان بەوە هەیە سەرچاوەی داراییان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش دەستییان پێ بکرێت.
دەڵێت، لەو بەنداوە گرنگانەی کە دەمانەوێت کاری تێدا بکەین، دوو بەنداو لە پارێزگای دهۆک، هەروەها بەنداوەکانی زەلان و چەقچەق و باسەڕە و بەنداوی باوەنوور لە سنووری پارێزگای سلێمانی ، لەگەڵ بەنداوی خۆرنەوەزانیش لە گەرمیان، هەوڵ دەدەین بوودجەی پێویستیان بۆ دابین بکرێت، بۆ ئەوەی لە هەموو کوردستان هاوسەنگیی هەبێت لە دروستکردنی بەنداو بەتایبەت لەو شوێنانەی کە گلدانەوەی ئاوی پێویستە و کاریگەریی وشکەساڵی لەسەر ئەو ناوچانە ڕوویداوە.
دەڵێت: دروستکردنی بەنداوەکان وای کردووە خەڵکێک ناوچەکانی خۆیان بەجێ نەهێڵن و پەیوەست بن بە دێهات و زەوی و زارەکانی خۆیان، هاوکات وا دەکات ئاوەدانی زیاتر بکەوێتە ئەو ناوچانە کە لە نزیک بەنداوەکانن، بۆ ئاودانی مەڕ و ماڵاتیان و زەوی و زاریان، جووتیاران زیاتر بەرهەمهێن دەبن .
دەشڵێت: بەنداوەکان کاریگەریی لەسەر بووژانەوەی کانیاوەکان و زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی هەیە، سەرباری ئەوەی کاریگەری لەسەر خۆشکردنی کەش و هەوا و هاتنی گەشتیاران هەیە، گوتی: بەنداوەکان هەلیکار بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دروست دەکەن، بایەخی زۆری بۆ زەوی جووتیارانیش دروست کردووە.
دووشەممە، 16-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی (بەنداوی دووین)ـی لە سنووری پارێزگای هەولێر دانا.
سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد "ئەم شوێنە زۆر گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو و دیزاینی پرۆژەكە پێداچوونەوەی بۆ كراوە، بە جۆرێك كە هەم كاریگەری لەسەر شوێنەوارە مێژووییەكانی ئەم دەڤەرە نەبێت، هەمیش بە ڕێژەیەكی زیاتر ئاو گل بداتەوە".
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: ئەو پلانە ستراتیژییەی ئێمە لە بواری ئاو گرتوومانەتە بەر، بۆ ئێستا و داهاتووی وڵاتمان كاریگەریی زۆری هەیە. گلدانەوەی ئاوی باران و كانیاوەكانمان، لە سەرەكیترین ڕێكارەكانمانە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و لێكەوتەكانی وشكەساڵی. ئێمە لە پلانەكانمان بەردەوام دەبین و داواشمان لە هاووڵاتیيانی خۆشەویست ئەوەیە كە پاك و خاوێنیی ژینگەكەمان بپارێزن و هاوكارمان بن، بۆ ئەوەی ئەم سروشتە جوانەی هەرێمی كوردستان بپارێزن و بیكەن بە شوێنێك كە گەشتیاران لە هەموو جیهان بەرەو كوردستان ڕابكێشن.