ڕۆدری ئامانجی ڕیاڵ مەدریدە و مان سیتیش دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە

بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ڕۆژنامەی زە ئەتلەتیکی ئیسپانی بڵاوی کردەوە ڕیاڵ مەدرید دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ڕۆدری ئیمزا بکات و ئاشکراشی کرد مانچێستەر سیتی هەوڵی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەدات.

سام لی، لە ڕۆژنامەی زە ئەتلەتیک ئاشکرای کردووە یانەی ڕیاڵ مەدرید چاودێریی ڕۆدری دەکات و دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ ئیمزا بکات، بەڵام پێیان وایە ئەرکیان سەختە چونکە باش دەزانن مان سیتی بە پارەیەکی کەم دەستبەرداری ئەم یاریزانە نابێت و هیچ نیازێکیشیان نییە بۆ فرۆشتنی ئەم یاریزانە لەم کاتەدا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە ڕیاڵ مەدرید ئێستا ئەو توانا داراییەی نییە بۆ کڕینی ڕۆدری، لەگەڵ ئەوەشدا مان سیتی دەیەوێت بە زووترین کات گرێبەستی ئەم یاریزانە بە مووچەیەکی بەرز و نزیک لە هالاند و دێ برۆین نوێ بکاتەوە، چونکە باش دەزانێت ڕیاڵ مەدرید گرنگی بەم یاریزانە دەدات.

هێما بۆ ئەوەش کراوە پێ دەچێت ڕیاڵ مەدرید چاوەڕێی دەرئەنجامی دادگایی سەدە بێت کە مان سیتی 115 تۆمەتی خراوەتەپاڵ و ئەگەر سزای بەسەردا بسەپێندرێت ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپ دەبێتەوە و ئەو کاتە ڕیاڵ مەدرید دەرفەتی دەبێت گرێبەست لەگەڵ ڕۆدری ئیمزا بکات.