لە چەند رۆژى داهاتوودا زانکۆلاین بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی کارا دەکرێت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت: لە چەند رۆژى داهاتوودا زانکۆلاین بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی کارا دەکرێت.

سێشەممە 17ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڵاوی کردەوە، نمرەى دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی بەهەرسێ بەشى زانستى و وێژەیى و پیشەیى کە ژمارەیان (55720) دەرچووە لەلایەن وەزارەتى پەروەردە ڕادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا بەمەبەستى کارکردن لەسەریان لەچوارچێوەى سیستمى زانکۆلاین بۆ خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگەکان، بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى پەروەردە ڕێژەى دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی لە ئەمساڵدا بە بەراودر بە ساڵى ڕابردوو (19) نۆزدە هەزار دەرچوو زیادى کردوە.

ئەمڕۆ  وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە بەسەرۆکایەتى هەریەک لە د. سەیوان عەلى بریکارى وەزارەتى پەروەردەو د. ئامانج عەبدوڵا سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا کۆبوونەوە.

لە کۆبونەوەکەدا کە هەریەک لە د. ئەمیر عەبدولڕەحمان چالى راوێژکارى وەزیر و د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و بەڕێوەبەرانى خوێندنى تایبەت و ناوەندى وەرگرتن لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و هەریەک لە، د. بورهان ئەرگوشى راوێژکارى وەزیر و نورەدین عوسمان سەعید بەڕێوەبەرى گشتى ئەزموونەکان و هەڵسەنگاندن لە وەزارەتى پەروەردە ئامادەیبون، وەزارەتى پەروەردە نمرەى دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى ڕادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرد.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسی  ستافى وەزارەتى پەروەردە کرد لەبەرامبەر باش بەڕێوەبردنى پڕۆسەى ئەزموونە گشتیەکانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى بەهەموو بەشەکانیەوە، هاوکات پیرۆزبایى لەدەرچوانى ئەمساڵى خوێندن کردو هیواى سەرکەوتنى بۆ قوتابیان و خوێندکاران خواست، وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: لەئەمڕۆ بەدواوە ئەنجامى تاقیکردنەوە گشتیەکان کە لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە ئاراستەى ئێمە کراون کارییان لەسەر دەکرێت و ئامادەکارییەکان دەست پێدەکرێن بۆ ئەوەى لە زوترین کات پرۆسەى پێشکەش کردن بۆ زانکۆکان لەڕێگەى سیستمى زانکۆلاینەوە دەست پێ بکات.

لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکانى وەزارەتى پەروەردە کۆى داتاو ئامارەکانى قوتابى و خوێندکارانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى بە زانستى و وێژەیى و پیشەیى لەساڵى خوێندنى (2023-2024) خستەڕوو، هاوکات ژمارەى دەرچوانى بەشەکانى زانستى و وێژەیى و پیشەییەکان و ڕێژەى نمرەى بەدەستهاتوی قوتابى و خوێندکاران خرانەڕوو بە شێوەیەک دەرچووانى بەشى زانستى ژمارەیان (41277) دەرچوو و دەرچووانى بەشى وێژەى ژمارەیان (13541) دەرچوو و دەرچوانى بەشى پیشەیی ژمارەیان (902) دەرچووە جگە لە دەرچوانى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەش بەشداربووانى کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندێکى وردیان لەبارەى ڕێژەى دەرچوان و میکانیزمى تەرخان کردنى کوررسى خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگەکان کرد.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (2024-2025) لەسەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى (بەخۆڕایى) بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی دەرەخسێنێت، بەشێوەیەک دەرچووان بەپێى حەزو خولیاو کۆنمرەکانیان لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى هەرێم دەرفەتى خوێندنی یەکسان و دادپەروەریان بۆ بڕەخسێنرێت.

شایانى باسە هەموو ئەو کەسانەى کە لە خوار ساڵى 2000وە دەرچوون و ناویان لە ناو سیستمى زانکۆلایندا نیە، پێویستە لە ڕێگەى لینکێکى تایبەتەوە کە وەزارەتى پەروەردە دایدەنێت،  دواتر سەردانى وەزارەتى پەروەردە دەکەن بۆ وەرگرتنى یوزەرنەیم و پاسۆرد بەمەبەستى پڕکردنەوەى زانکۆلاین.

Fly Erbil Advertisment