رێباز حهملان: لە دوو ڕۆژی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی 8 و 9 بۆ بەغدا دەنێردرێت
K24 - هەولێر:
یاریدهدهری سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان دەڵیت: هەولێر و بەغدا ڕێککەوتوون کە تا کۆتایی ساڵی 2024 ناردنی مووچە بەردەوام بێت و ناردنی مووچە گەرەنتی کراوە، هەروەها لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی هەشت و نۆ لەگەڵ خۆی دەبات بۆ بەغدا.
رێباز حهملان، یاریدهدهری سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: بەغدا بۆیە مووچەی مانگی حەوتی ڕاگرت و تێبینییان لەسەری هەبوو، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لەلایەن مووچەخۆرانی هەرێمەوە، بەڵام دواتر لە کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی هەرێم و عێراق بابەتەکە بۆ شاندەکەی بەغدا ڕوونکرایەوە، ئەوانیش بڕیاریان دا داواکارییەکانی هەرێمەکە جێبەجێ بکەن.
ناوبراو لەبارەی مووچەی مانگی 8 و 9ـی مووچەخۆرانەوە، گوتی: ئێمە لیستی مووچەی مانگی حەوتمان بۆ بەغدا ناردبوو بەڵام ئەوان مووچەی مانگی هەشتیان بۆ ئێمە نارد، بەڵام لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی هەشت و نۆ لەگەڵ خۆی دەبات بۆ بەغدا.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، دوای ئەوەی لیستی مووچەی مانگی هەشت و نۆ بۆ بەغدا دەنێردرێت، پێویستە بەغدا لە ماوەی هەفتەیەکدا مووچەی هەردوو مانگەکەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
یاریدهدهری سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، دەڵێت: کاتێک شاندەکەی بەغدا لە هەولێر بوون، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوە لەگەڵیاندا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە نابێت پرسی مووچە تێكەڵی پرسە سیاسییەکان بکرێت، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و مافەکانیان بۆ دابین بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شاندی بەغدای تێگەیاند کە ناتوانن کەرامەتی تاکی کورد بە پرسی مووچە بشکێنن، هەروەها شاندی بەغدا بە هاتنی ئەم جارەی بۆ هەولێر ئەم وەڵامەی وەرگرت کە حکوومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ چارەکردنی هەموو کێشەکان.
رێباز حهملان، ئاشکرای کرد، هەولێر و بەغدا ڕێککەوتوون کە تا کۆتایی ساڵی 2024 ناردنی مووچە بەردەوام بێت و ناردنی مووچە گەرەنتی کراوە.
لەبارەی بە هەمیشەبوونی فەرامانبەرانی گرێبەست، نابراو گوتی: ئێمە دەبێت لەسەر پرسی میلاکات و زۆرێک لە پرسەکانی دیکە لەگەڵ بەغدا بگەینە رێگەچارەیەک، کە گەیشتنە ڕێگەچارە بە دڵناییەوە فەرمانبەرانی گرێبەستیش دەکرێن بە هەمیشەیی، هەروەها قسەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەنەدە و دڵنیام ناهێڵێت مافی هیچ کەسێک بفەوتێت.
لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، یاریدهدهری سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان باسی لەوە کرد، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی بەهۆی قەیرانی دارایی وەستاوە، بەڵام پلە بەرزکردنەوەی سەربازیی نەوەستاوە چونکە ئەوان بەراورد بە ڕاژەی مەدەنی ڕێژەکەیان کەمترە، بەڵام بە دڵنییاوە مافی هیچ فەرمانبەرێک نافەوتێت و سەرجەم مافەکانیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە.
سەبارەت بە پرۆژەی "هەژماری من"، رێباز حهملان، گوتی: پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کاتێ لەگەڵ شاندەکەی بەغدا هاتە هەولێر بۆ هەموو لایەکی ڕوونکردەوە کە هەژماری من پرۆژەیەکی یاسایی و ڕێگەپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقە و هەموو مەرجەکانی تێیدایە و هیچ کێشەی نییە. هەوڵ دەدرێت تا کۆتایی ساڵ ڕێژەی تۆمارکردنی مووچەخۆران لە هەژماری من بگاتە یەک ملیۆن مووچەخۆر.