جیرۆنا بۆ یەکەمجار لە چامپیۆنزلیگ دەردەکەوێت
پاریس سانجێرمان دوای ساڵانێک بەبێ کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پێشووی یانەکەی لە چامپیۆنزلیگێکی جیاواز دەردەکەوێت، یانە فەڕەنسیەکە لە گەڕی یەکەمی پاڵەوانێتیەکە و لە یاریگای خۆی، پێشوازی لە یانەیەکی نوێی پاڵەوانێتیەکە کە جیرۆنای ئیسپانیایە دەکات.
جیرۆنای ئیسپانی وەرزی رابردوو توانی ئاست و ئەنجامی چاوەڕواننەکرا، لە خولی ئیسپانیا تۆمار بکات، دواجار توانی بۆ جاری یەکەم پلەی دووەمی خولەکە بەدەست بهێنێت، هەربۆیە بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا بەشداری چامپیۆنزلیگ دەکات.
بۆ ئەم یارییە لە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان، شەش یاریزان بەهۆی پێکان یاریی ناکەن، ئەوانیش بریتین لە جیان لویجی دۆنارۆما و کیمبێمپێ و لوکاس هێرناندێز و ڤیتینها و وارێن ئێمرێ و هەروەها گۆنکالۆ رامۆس هێرشبەری پۆرتوگاڵی.
پێش یارییەکە لویس ئێنریکێ راهێنەری ئیسپانی شازادەکان رایگەیاند، ئەوان ئەزموونی پێویستیان هەیە بۆ رکابەری کردن لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی چامپیۆنزلیگ، لە هەمان کاتدا ستایشی ئاستی یانەی جیرۆنای ئیسپانی و راهێنەری تیپەکەی کرد.
'' راستە چامپیۆنزلیگ جیاوازە لە هەموو خول و پاڵەوانێتیەکانی دیکە، بەڵام من پێموایە ئێمە ئەزموونی پێویستمان هەیە، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکە بکەین، گرنگ نیە کەم و زۆر ئەزموونت هەبێت، هەندێکجار ئەگەر بەختت هەبێت، دەتوانیت زۆر بە ئاسانی ناسناوەکە ببەیتەوە. من پێموایە قسە کردن لەسەر ئەم بابەتە تۆزێک قورسە، راستە ئێمە پێکهاتەیەکی لاومان هەیە، بەڵام ئەم بابەتە هیچ پەیوەندیەکی بەوە نیە تۆ نەتوانیت رکابەری لەسەر ناسناوەکە بکەیت. ئێمە گەڕی یەکەم رووبەڕووی یانەیەکی باش دەبینەوە، جیرۆنا وەرزی رابردوو ئاستێکی باشیان پێشکەش کرد، ئەوان خاوەنی راهێنەرێکی باشن، پێموایە یارییەکی قورس دەبێت ''.
جیرۆنا لە دوایین یاریی لە یاریگای خۆی، بەرامبەر بارسێلۆنا بە ئەنجامی گۆڵێک بەرامبەر چوار گۆڵ تووشی دۆڕان بوو، ئەمەش دەبێتە قورسترین دۆڕانی ئەو یانەیە لە یاریگای خۆی، لەوەتەی ساڵی 2021 کە میشێل ئەرکی راهێنەرایەتی وەرگرتووە.