گواردیۆلا هەڕەشە لە ئینتەر میلان دەكات

ئێرلینگ هالاند و لاوتارۆ مارتینێز
ئێرلینگ هالاند و لاوتارۆ مارتینێز

مانچیستەر سیتی دوو وەرز لەمەوبەر توانی بۆ جاری یەکەم، ناسناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە، ئەو کاتە لە یاریی کۆتایی توانیان بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام، لە ئینتەر میلان ببەنەوە، ئەو دوو یانەیە دوای نزیکەی دوو ساڵ، جارێکی دیکە لە پاڵەوانێتیەکە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.
مان سیتی ئەم وەرزە بە سەرکردایەتی ئێرلینگ هالاند، بە باشی دەست پێکردووە و ئەو یانەیە لە کۆی چوار یاریی لە هەر چوار یارییان بردنەوەیان بەدەستهێناوە، لەو چوار یارییە گۆڵکارە نەرویجیەکە 9 گۆڵی تۆمار کردووە و ژمارەی گۆڵەكانیشی زیاترە لە 19 یانەی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ.
پێپ گواردیۆلا راهێنەری ئیسپانی یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، شێوازی نوێی چامپیۆنزلیگ هاوشێوەی پرێمەرلیگی لێهاتووە، بۆیە دەبێت زۆر بە باشی خۆیان بۆ پاڵەوانێتیەکە ئامادە بکەن.

گواردیۆلا: دەبێت سەرجەم یارییەكانی نێو یاریگەی خۆمان ببەینەوە
پێپ گواردیۆلا راهێنەری كەتەلۆنی یانەی مانچێستەر سیتی رایگەیاند دەبێت دوو یاریی سەرەتای ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ ببەینەوە، دەشڵێت: دواتر دەبێت سەیری بارودۆخی خۆمان بکەین بزانین چی روو دەدات. چامپیۆنزلیگ هاوشێوەی پرێمەرلیگی لێهاتووە، بۆیە پێویست ناکات لە ئێستاوە بیر لە خشتەکە بکەینەوە، لە داهاتوو خۆمان سەرقاڵی خشتەی ریزبەندی دەکەین. 
گواردیۆلا گوتیشی: دەبێت سەرجەم یارییەکانی یاریگای خۆمان سێ خاڵەکانی بەدەست بهێنین، ئەگەر ئەم کارە نەکەین، ئەو کات ئەرکمان زۆر قورس دەبێت و رەنگە چارەنوسمان باش نەبێت. هالاند دەتوانێت زیاتر پێشکەوێت، گرنگ نیە لە 100 یاریی 99 گۆڵی کردووە، گرنگ ئەوەیە لە داهاتوو باشتر بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر ئەو ئاستەی بەردەوام بێت''.

"ئامارەكانی مان سیتی تۆقێنەرە"
مانچێستەر سیتی لە دوایین 23 یاریی لە چامپیپۆنزلیگ، هیچ یارییەکی لە کاتی یاسایی نەدۆڕاندووە، تەنها دوو یاریی ماوە بۆ ئەوەی بگاتە ژمارەی پێوانەیی، ستیزن لەوەتەی شکستەکەی بەرامبەر لایزپیگ لە ساڵی 2021، هیچ یارییەکی دیکەی لە کاتی یاسایی نەدۆڕاندووە.
ئینتەر میلان پێشتر بەرامبەر چوار یانەکەی ئینگلیزی لە یاریگای ئەو یانانە یاریی کردووە و براوە بووە، مانچێستەر سیتی دەبێتە پێنجەم یانەی نێرازۆری لە یەکەم یاریی لە یاریگای ئەوان رووبەڕوویان ببێتەوە.