بارسێلۆنا 30 ساڵە لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە چامپیۆنزلیگ نەدۆڕاوە
ئەمشەو بارسێلۆنا لە گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگ و لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی مۆناکۆ، بارسا بە هیوای تۆلە کردنەوەی تاکە دۆڕانەکەی ئەمساڵ ڕووبەڕووی یانە فەرەنسیەکە دەبێتەوە، ئەویش بەهۆی دۆڕانەکەیان لە جامی دۆستانەی خوان گامبەر.
بارسێلۆنا، دوای زنجیرەیەک ئەنجامی باش لەگەڵ هانسی فلیک ڕاهێنەری ئەڵمانیا، ئەمجارەیان لە گەڕی یەکەمی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ و لە دەرەوەی یاریگای خۆی، ڕووبەڕووی یانەی مۆناکۆی فەرەنسا دەبێتەوە و چاویان لە یەکەم بردنەوەیە لە چامپیۆنزلیگ.
یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا بۆ ئەم یارییەش کۆمەڵێک یاریزانی بەهۆی پێکان بەردەست نابن، لەوانەش ئاراوخۆ و کریستێنسێن و گاڤی و دی یۆنگ و مارک بێرنال و ئانسۆ فاتی ن، هەرچەندە دی یۆنگ و فاتی لە پێکانەکەیان گەڕاونەتەوە، بەڵام بۆ ئەم یارییە ئامادە نابن.
یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا لە کاتێکدا لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە یەکەم یاریی چامپیۆنزلیگ ڕووبەرووی یانە فەرەنسیەکە دەبێتەوە، نزیکەی سی ساڵە هیچ یانەیەک لە یەکەم یاریی پاڵەوانێتیەکە، نەیتوانیوە لە یەکەم یاریی و لە یاریگای خۆی لە بارسا بباتەوە.
دوایین دۆڕانی بارسێلۆنا لە یەکەم یاریی وەرزی نوێ چامپیۆنزلیگ، وەرزی 1993 بۆ 1994 بوو، ئەو کات یۆهان کرۆیف ڕاهێنەری یانەکە بوو و ڕۆماریۆش گۆڵکاری یانەکە، بارسا لە یەکەم یاریی ئەو وەرزە ڕووبەڕووی دینامۆ کیێفی ئۆکرانیا بووەوە و یارییەکەشی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک دۆڕاند.
بارسێلۆنا لەوەتەی وەرزی 1993 بۆ 1994 هەشت یاریی سەرەتای چامپیۆنزلیگی لە دەرەوەی یاریگای خۆی کردووە، لەو هەشت یارییەش خاوەنی چوار بردنەوە و چوار یەکسانبوون و هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە.
دوایینجار کە بارسێلۆنا بە بردنەوە لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەستی بە چامپیۆنزلیگ کرد و لە کۆتاییدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا وەرزی 2005 بۆ 2006 بوو. ئەو کات بە ڕاهێنەرایەتی فرانک ڕایکارد لە ئەڵمانیا بەرامبەر ڤێردەربرێمەن سەرکەوتنی بەدەست هێنا.