لێدوانی ئەستێرەكانی ڕیال مەدرید و شتوتگارت بۆ كوردستان24

دێنیز ئۆنداڤ، دیمیرۆڤیچ و ئانتۆنی رۆدیگێر
دێنیز ئۆنداڤ، دیمیرۆڤیچ و ئانتۆنی رۆدیگێر

دوای سەركەوتنەكەی ڕیال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر شتوتگارت، یاریزانانی هەردوو یانە لە دوای یارییەكە بۆچونی خۆیان بۆ كوردستان24 دەربڕی، دێنیز ئۆنداڤ كوڕە كوردەكەی شتوتگارت ڕایگەیاند ئاستێكی بەرزیان بەرامبەر باشترین یانەی جیهان پێشكەش كرد، لە لایەكی دیكەیشەوە ڕۆدیگێر بەرگریكارە پۆڵایینەكەی ڕیال مەدرید جەختی لەوە كردەوە پێویستە لە ڕووی بەرگرییەوە تیپەكەیان شەڕانگێزتر بێت.

ئەو كوڕە كوردەی گۆڵی لە ڕیال مەدرید كرد
دێنیز ئۆنداڤ یاریزانی کوردی یانەی شتوتگارتی ئەڵمانیا دوای ئەوەی گۆڵێکی بەرامبەر ڕیال مەدرید تۆمار کرد، تایبەت بۆ كوردستان24 قسەی کرد و گوتی: دەزانم هەموو کوردەکان بەم گۆڵەی من دڵخۆشن.
ئۆنداڤ گوتیشی: دڵخۆشم گۆڵێکم لە سانتیاگۆ بیرنابیۆ تۆمار کرد، بەڵام بەداخەوە یارییەکەمان دۆڕاند، لام وایە هەموو کوردێک بەم گۆڵەی من دڵخۆشبووە وەکو یەکەم کوردی ئێزیدی لە بیرنابیۆ گۆڵم تۆمار کرد، ئێمە دەرفەتمان هەبوو گۆڵی زیاتر تۆمار بکەین، بەڵام هەلەکانمان فەوتاند، بێگومان ڕیال مەدرید یانەیەکی بەهێزو تیپێکی گەورەیە، بۆ داهاتوو باشتر خۆمان ئامادە دەکەین.

ڕۆدیگێر: ئەوەی لە ڕیال مەدرید گۆڵ بكات لێی دەدەم
ئانتۆنیۆ ڕۆدیگێری بەرگریکاری ریال مەدرید لە یارییەكەدا گۆڵی لە یانەی شتوتگارتی پێشووی تۆمار كرد، دوای یارییەكە بە كوردستان24ی ڕایگەیاند لە هەر یانەیەک یاری بکات حەز دەكات گۆڵ بکات، گوتیشی: ئاساییە با هاوڕێیەکانم لێم بدەن منیش ڕۆژێک دێت لەوان دەدەم.
ڕۆدیگێر گوتیشی: کاتێک یاریی بۆ ڕیاڵ مەدرید دەکەیت دەبێت هەمیشە تینووی سەرکەوتن بیت، ئەگەر بەمشێوەیە نەبیت ئەوا سەرۆکی یانەکە لە دەرگاکەت دەدات و تووشی کێشەیەکی گەورە دەبیت، بەڕاستی ئێمە یاریزانێکی زۆر زۆر گرنگمان لەدەست دا ئەویش ڕۆیشتنی تۆنی کرووس بوو، قەرەبووکردنەوەی کارێکی ئاسان نییە، پێویستە خۆمان بدۆزینەوە و دڵنیام باشتر دەبین.
ڕۆدیگێر دەشڵێت: لەڕووی بەرگریشەوە پێویستە شەڕانگێزتر بین، کاتێک تۆپمان لەلایە پێویستە کۆنترۆڵی زیاتر بکەین، ئێمە زۆر تۆپمان لەدەست دا و وامان کرد تیپی بەرامبەرمان بەهێزتر بێت، ئەوان بە ئازایەتی خۆیان کۆنترۆڵی ئێمەیان نەکرد بەڵکو ئەوە دیارییەک بوو ئێمە پێمان دان.
لەبارەی ئێندریك، بەرگریكارە ئەڵمانییەكەی یانەی ریال مەدرید گوتی: ئێندریک یاریزانێکی چاکە، باش بوو بۆبی گۆڵەکەی کرد، بەڕاستی ئەگەر گۆڵی نەکردبایە تووشی کێشەی گەورە دەبوو، بۆبی هەرچەندە بچووکە، بەڵام کەسایەتیەکی گەورەی هەیە، زۆر بە ڕژدی کار دەکات و متمانەی بەخۆی هەیە، هەمیشە دەیەوێت خۆی لەگەڵ شێوازی ڕیاڵ مەدرید بگونجێنێت، دەمانەوێت بۆبی ببینین گۆڵی زیاترمان بۆ بکات، پەیامی من بۆ هاوڕێیەکانیشم ئەوەیە ئەگەر گۆڵی دیکەم کرد ئاساییە با لێم بدەن، نیگەران نابم بەڵام خۆ ئەوانیش گۆڵ دەکەن دڵنیابن بۆیان دەگەڕێمەوە و منیش لێیان دەدەم.

دیمیرۆڤیچ چی بە كوردستان24 گوت؟
دیمیرۆڤیچ یاریزانی یانەی شتوتگارت لە دوای یارییەكە بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند ئەوان بەرامبەر باشترین یانەی جیهان یارییان كردووە، دەشڵێت: ئێمە یارییەكی باشمان بەرامبەر گەورەترین یانەی جیهان كرد، كۆنترۆڵی یارییەكەمان كرد بوو، دەرفەتی زۆرمان ڕەخساند، بەڵام لە بەردەم گۆڵ لەسەرخۆ بووین، لانیكەم دەبوو بە خالێك یاریگە جێبهێڵین، ئەمە یەكەمین یاری بوو لە چامپیۆنزلیگ بۆ زۆربەی یاریزانەكانمان، ئەزموونێكی باش بوو بۆ ئێمە، زۆر شت لەو یارییە فێر بووین، بێگومان شیكردنەوە بۆ ئەو یارییە دەكەین و بۆ یارییەكانی داهاتوو بەشێوەیەكی باشترخۆمان ڕێك دەخەینەوە.