ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە لەبارەی دابەشکردنی مووچە

وەرگرتنی مووچە لە بانک - وێنە: ئەرشیف
وەرگرتنی مووچە لە بانک - وێنە: ئەرشیف

وەزارەتی دارایی عێراق پابەندبوونی خۆی لە دابەشکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران "لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا" دووپات دەکاتەوە. 

پێنجشەممە، 19-09-2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد، لەم دواییانەدا هەندێک لایەن لێدوانێکیان لە زاری تەیف سامی، وەزیری دارایی بڵاو کردووەتەوە، گوایە وەزارەتەکە "توانای دابەشکردنی مووچەی چەند مانگی داهاتووی فەرمانبەرانی نییە".

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا سەرلەبەری ئەم دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی، "هیچ لێدوانێکی لەم بارەیەوە نەداوە".

وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەندبوونی تەواوی خۆی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، چاودێری کۆمەڵایەتی و کەرتە ئەمنییە جیاوازەکانی عێراق "لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا" دووپات دەکاتەوە.

بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە چوار ملیۆن و 100 هەزار فەرمانبەر مانگانە مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە وەردەگرن. بە گوێرەی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵیش، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش کە ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەبێت؛ لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی فیدراڵییە.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.