کارلۆ ئانچێلۆتی پلانی یارییکردنی ریاڵ مەدرید دەگۆڕێت
کارلۆ ئانچێلۆتی بڕیاری داوە پلانی یارییکردنی ریاڵ مەدرید بگۆڕێت و لەمەودوا بە چوار یاریزان لە هێڵی ناوەڕاست یاریی بکات.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، راهێنەرە ئیتاڵییەکەی مێرێنگێ بۆ یارییەکانی داهاتوو بە پلانی 4-4-2 یاریی دەکات و هەریەکە لە چوامینی، کاماڤینگا، ڤاڵڤێردی و بێلینگهام لە هێڵی ناوەڕاست یاریی دەکەن.
رۆژنامەی مارکا نووسیویەتی: بەپێی پلانە نوێیەکەی کارلۆ ئانچێلۆتی دەبێت یەکێك لە رۆدریگۆ، ئێمباپێ و ڤینیسیۆس لەسەر کورسی یەدەگ بن و ببنە قوربانی ئەو پلانە.
هەر لە هەواڵەکەدا ئەوە هاتووە، دەبێت بێلینگهام شێوازی یارییکردنی وەرزی رابردوو لەبیر بکات، کە وەك یاریزانی ئازاد یاریی دەکرد و پێویستە ئەم وەرزە لە هێڵی ناوەڕاست یارمەتی بەرگریکاری لای چەپی یانەکەی بدات.
لەلایەکی دیکەوە ریلیڤۆی ئیسپانی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، کە دەستەی هونەری ریاڵ مەدرید پێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو کاماڤینگا زووتر لە کاتی خۆی بگەڕێتەوە یاریگەکان و ئەمەش رێگە خۆشکەرە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەی ئانچێلۆتی.
یانەی ریاڵ مەدرید ئەم وەرزە بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پێنج یاریی بە هاوبەشی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دووەمی ریزبەندی لالیگایە و چوار خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگ دوورە.