شێخ نیاز نەقشبەندی بۆ کوردستان24: سبەی یەکەم کاروانی عومرەکاران دەگەڕێنەوە

لە یەکەم کاروان 250 عومرەکار دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان

عومرەکارانی کوردستان (وێنە: ئەرشیف)
عومرەکارانی کوردستان (وێنە: ئەرشیف)

شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی عومرەکارە گیرخواردووەکانی کوردستان لە سعوودیە، چارە کرا و سبەینێ هەینی، یەکەم کاروان دەگەڕێنەوە.

ئاشکراشی کرد، ئێستا نزیکەی  هەزار و 200 عومرەکار لە سعوودیە گیریان خواردووە و سبەی لە شاری مەدینەوە و بە فڕۆکە 260 عومرەکار لە چوارچێوەی یەکەم کاروان دەگەڕێنرێنەوە و ئەوانی دیکەش لە ڕۆژانی داهاتوو دەگەڕێنرێنەوە.

زیاتر لە هەفتەیە ژمارەیەک زۆر لە عومرەکارانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سعوودیە گیریانخواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە، کێشەکەش بەهۆی دوور خستنەوە بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی فڕۆکەوانی عێراق لە پۆستەکەی گرفتی گەڕانەوە بۆ عومرەکاران دروست بوو، چونکە عومرەکارەکان بە هێڵی فڕۆکەوانی عێراق گەشتەکەیان کردبوو.

پێشتر لە 16ـی ئەم مانگە،  نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند بوو، لە هەوڵداین کێشەی گەڕاندنەوەی عومرەکارانی کوردستان چارە بکەین بۆ ئەمەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی بەردەوامە.