لە عێراق مووچە گرنگترین پرسە

بەغدا
بەغدا

لەگەڵ نزمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و پێشبینییەکان بۆ دابەزینی نرخی نەوت، نزیکەی 10 ملیۆن مووچەخۆر لە عێراق ترسیان لە داهاتەکانیان دروست دەبێت.

وەزارەتی دارایی عێراق و لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن؛ مووچەی مووچەخۆران گرەنتی کراوە، بەڵام بەبۆچوونی شارەزایان، ئابووری عێراق کە 93%ـی زیاتر پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە ئەستەمە بتوانێت لەدوای چەند مانگێکی دیکە مووچەی پێ دابین بکرێت.

فەرمانبەران و خانەنیشنان و سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە عێراق، بەهۆی ئەوەی لە دوو مانگی ڕابردوودا مووچەی بەشێك لە مووچەخۆران دواكەوت ترسی ئەوەیان هەیە داهاتی مووچەکانیان بکەوێتە مەترسی، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی پێشبینییەکان بۆ نزمبوونەوەی نرخی نەوت و دروستبوونی مەترسی لەسەر نزیکەی 10 ملیۆن مووچەخۆر.

لە عێراق چوار ملیۆن فەرمانبەر و سێ ملیۆن خانەنشین، هەروەها ملیۆنێك  سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی هەن کە دەبێت بۆ ئەمساڵ حکوومەتی عێراق 90 ترلیۆن دینار بۆ مووچەکانیان دابین بکات کە لە تێکڕادا بۆ هەر مانگێک بڕی حەوت ترلیۆن و 500 ملیار دینار دەکات.

لەکاتێکدا بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق بۆ کەمتر لە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دابەزیوە و نرخی هەر بەرمیلێکیش لەنێوان 70 بۆ 74 دۆلارە کە داهاتەکەی بریتییە لە نۆ ترلیۆن دینار و ترلیۆنێك دیناریش کرێی کۆمپانیاکانە.

لەوبارەیەوە مەزهەر محەمەد، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: حكوومەت بۆ ئەمساڵ هەموو شتێك دەكات تا مووچەی مووچەخۆران دابین بكات، چونكە " لە عێراق مووچە گرنگترین پرسە". هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە گرفتیان لە پێدانی مووچە هەبێت.

هاوكات موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە: بۆ ئەمساڵ مووچە گەرەنتی كراوە و كێشەی بۆ دروست نابێت، بەڵام ئەگەری دواكەوتنی هەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە شارەزایانی بواری بازاڕی نەوت بۆچوونیان وایە حکوومەتی عێراق لەدوای چەند مانگێکی دیکە بەهۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و پێشىینی لە دابەزینی نرخی نەوت ناتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی دابین بکات. ئەگەرەکانیش پشت بەوە دەبەستن کە داهاتی نەوتیی عێراق ڕێژەی زیاتر لە 93%ـی داهاتەکانیی پێکدەهێنێت.