ئەمڕۆ گەشتی عومرەکاران بەرەو سعوودیە دەست پێ دەکاتەوە

کاروان ستوونی: ئێوارەی ئەمڕۆ یەکەم کاروانی عومرەکارە گیرخواردووەکان لە سعوودیە دەگەڕێنەوە

عومرەكاران (وێنە: ئەرشیف)
عومرەكاران (وێنە: ئەرشیف)

کاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 20ی ئەیلوولی 2024، گەشتی چوونی عومرەکاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ سعوودیە دەست پێدەکاتەوە.

گوتیشی: دوای دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانی عێراق لە ئەرکەکەی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، گەشتی چوونە عومرە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگیرابوو، بەڵام دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی یەکەم گەشتی چوونی عومرەکاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەرەو سعوودیە دەست پێ دەکاتەوە.

کاروان ستوونی گوتیشی: ئەو فڕۆکەی لەو هەولێرەوە بەرەو مەدینە بەڕێ دەکەوێت و عومرەکاران دەگەیەنێت، لەوسەر یەکەم کاروانی عومرەکارە گیرخواردووەکان دەگەڕێنێتەوە و بەمەش کاروان بە کاروان عومرەکارەکان دەگەڕێندرێنەوە کە ژمارەیان نزیکەی هەزار و 200 عومرەکارە.

گوتەبێژی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا، عومرەکارە گیرخواردووەکانی کوردستان ئەوانەی دانیشتووی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکن لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ئەوانەشی دانیشتووی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیانن دەگەڕێندرێنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمان تاوەکوو هەموویان دەگەڕێندرێنەوە.

بەهۆی دوورخستنەوەی مەناف عەبدولمونعیم لە پۆستی بەڕێوەبەی گشتیی هێڵی فڕۆکەوانی عێراق لە 13ی ئەم مانگەوە، نزیکەی چوار هەزار عومرەکاری عێراق و هەرێمی کوردستان لە سعوودییە گیریانخواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام بۆ گەڕاندنەوەی عومرەکارەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو بگەڕێندرێنەوە. کێشەی گیرخواردنی هاووڵاتییان هەر بە تەنیا بۆ عومرەکاران دروست نەبووە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆری گەشتیارانی عێراقی لە لوبنان و وڵاتانی دیکەش تووشی هەمان گرفت بوونەتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە.

Fly Erbil Advertisment