سبەینێ زانکۆلاین کارا دەکرێت

لۆگۆی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
لۆگۆی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

K24 – هەولێر:

وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، لە سبەینێوە زانكۆلاین بۆ ماوەى (10) رۆژ بۆ دەرچووانى پۆلی 12 ئامادەیى کارا دەکرێت، هاوکات وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرپرس نابێت لە هەر هەڵەیەکی لەکاتی پڕکردنەوەی زانکۆلاین لە سەنتەرە بازرگانییەکان.

هەینی 20ـی ئەیلوولی 2024 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، پرۆسه‌ی پێشکەشکردن بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچووانی پۆلی 12 ئاماده‌یی له‌ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەست پێدەکات و لە ڕۆژی شەممەوە ڕێکەوتى 21ـی ئەیلوولی 2024 سەعات 12ـی نیوەڕۆ، زانكۆلاین بۆ ماوەى (10) ڕۆژ کارە دەکرێت.

وەزارەتەکە دەڵێت: ده‌رچووان لەو ماوەیەدا ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وە و پێشكه‌شی بكه‌ن، لە رێگەی ئەم لینکەوە، هه‌روه‌ها ده‌رچووان ده‌بێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username)  و (Password).

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بۆ به‌رچاوڕوونی زیاترى ده‌رچوانی پۆلی 12 ئامادەیی و ئاشنابوونیان به‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به ‌سیستمه‌ جیاوازه‌كان.

وەزارەتەکە ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچووانى پۆلى 12 لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.

جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە وەزارەت بەرپرس نابێت لە هەر هەڵەیەکی لەکاتی پڕکردنەوەی زانکۆلاین لە سەنتەرە بازرگانییەکان، هاوکات دەڵێت: هەوڵ بدەن خودى خۆتان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆڕم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە.

خوێندنی باڵا باسی لەوە کرد، سەرجەم ئەو دەرچووانەى لە خوار ساڵى 2000وە دەرچوون و هەروەها دەرچووانی پێنج ساڵی ڕابردووی پیشەییەکان کە نیازی فۆرم پێشکەشکردنیان هەیە بۆ خوێندنی پارالێڵ و ئێواران، بەهۆی نەبوونی ناو و زانیارییان لە ناو سیستمى زانکۆلاین، پێویستە سەردانی وەزارەتی پەروەردە بکەن بۆ وەرگرتنى یوزەرنەیم و پاسۆرد و داخڵکردنی زانیارییەکانیان، بەپێچەوانەوە ناتوانن داواکاری وەرگرتن پێشکەش بکەن.

نمرەى (55720) دەرچووی پۆلی 12 لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە ڕادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرا

سێشەممە 17ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڵاوی کردەوە، نمرەى دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی بەهەرسێ بەشى زانستى و وێژەیى و پیشەیى کە ژمارەیان (55720) دەرچووە لەلایەن وەزارەتى پەروەردە ڕادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا بەمەبەستى کارکردن لەسەریان لەچوارچێوەى سیستمى زانکۆلاین بۆ خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگەکان، بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى پەروەردە ڕێژەى دەرچووانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی لە ئەمساڵدا بە بەراودر بە ساڵى ڕابردوو (19) نۆزدە هەزار دەرچوو زیادى کردووە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسی  ستافى وەزارەتى پەروەردە کرد لەبەرانبەر باش بەڕێوەبردنى پڕۆسەى ئەزموونە گشتیەکانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى بەهەموو بەشەکانیەوە، هاوکات پیرۆزبایى لە دەرچووانى ئەم ساڵى خوێندن کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ قوتابییان خواست.

وەزارەتەکە گوتی: لە ئەمڕۆ بەدواوە ئەنجامى تاقیکردنەوە گشتیەکان کە لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە ئاراستەى خوێندنی باڵا کراون کارییان لەسەر دەکرێت و ئامادەکارییەکان دەست پێدەکرێن بۆ ئەوەى لە زووترین کات پرۆسەى پێشکەش کردن بۆ زانکۆکان لەڕێگەى سیستمى زانکۆلاینەوە دەست پێ بکات.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراوەتەوە، لە کۆی دەرچووانی پۆلی 12 کە نمرەکانیان ڕادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە، 41 هەزار و 277 دەرچوو بەشی زانستی، 13 هەزار و  541 و دەرچووانی وێژەیی و 902 دەرچووش لە بەشە پیشەییەکانن.

به‌گوێرەی ئامارەکانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەم ساڵ بۆ خوێندنی ساڵانی 2023-2024، بە هەر سێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەییەکان  122 هەزار و 15 قوتابی به‌شدارییان لە تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كان کردووە.

هەروا 3ـی ئەیلوولی 2024 وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی کۆتایی خوولی دووەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) بڵاو کردەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا: زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەڕەخسێنین

ڕۆژی 11ـی تەمووزی 2024 عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا، چەند بڕیارێکی گرنگی بۆ قوتابیانی زانکۆکان دا.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، گوتیشی: لە گرنگترین بڕیارەکان ئەوە بوو زانکۆکان ڕاسپێردران، لە ئێستەوە ئامادەکاریی بۆ پێشوازیی کردن لەساڵی نوێی خوێندن 2024-2025، بکەن و هەروەها زۆرترین دەرفەتی خوێندن لە زانکۆ حکوومییەکان بۆ قوتابیانی دەرچووی 12ـی ئامادەیی بڕەخسێنن. تاوەکو لە ناوخۆیی هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەن.

گوتەبێژەکەی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش دا، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بەڕەچاوکردنی بارو گوزەرانی هاووڵاتییان و قوتابییان، تاوەکو پرسی دارایی نەبێتە ڕێگر لەبەردەم هێنانەدی خەون و خولیای قوتابییان، بڕیار بدرێت بە داشکاندنەکانی کرێی خوێندن لە پارالێل و خوێندنی ئێواران بۆ ساڵی داهاتووش بەردەوام بێت.

عەباس ئەکرەم دەشڵێت: لەو کابینەیەدا بۆ ساڵانی ڕابردووش داشکاندن بۆ کرێی خوێندنی ئەو قوتابیانە هەبووە کە لەخوێندنی ئێواران یان پارالێل وەرگیراون. تاوەکو لایەنی دارایی نەبێتە ڕێگر بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەیان. هەر بۆیە ئەو داشکاندنە بۆ ئەمساڵیش بەردەوام دەبێت.