سەرۆک وەزیران: تاوەکوو ئێمە مابین، کوردستان وڵاتی پێکەوەژیان دەبێت

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە "تاوەکوو ئێمە مابین، کوردستان وڵاتی پێکەوەژیان دەبێت و سەرەڕای ئالنگاریی و ڕێگرییەکانیش، لە خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان بەردەوام دەبین".
شەممە، 21-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتاری ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی جووتسایدی شێخان – لالش، ستایشی کەلتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و پێکهاتە جیاوازەکانی دەڤەرەکە کرد.
وەکوو ئەوەی سەرۆک وەزیران باسی کرد، دەڤەری شێخان "نموونەیەکی زۆر جوانی کەلتووری پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان. ئێمە بەم کەلتوورە و گیانی یەکترقبووڵکردنە جوانین و سەرمان لە هەموو جیهان پێی بەرزە؛ بۆیە هەرچیمان پێ بکرێت بۆ خزمەتکردنی ئەم دەڤەرە، درێغی ناکەین".
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، "تاوەکوو ئێمە مابین، ئەم وڵاتە، وڵاتی پێکەوەژیان دەبێت و دەرگاکانمان بۆ هەموو ئەوانە کراوە دەبێت کە پێویستییان بە کوردستان دەبێت بۆ پاراستنی ژیان و کەرامەتیان".

مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە "خوشک و برایانی ئێزدی، زێدەباری هەموو ئەو کارەسات، فەرمان و کۆمەڵکوژییانەی بەسەریاندا هاتووە، بەردەوامن لە بەرگریی لە زمان، کەلتوور و ناسنامەیان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووبارەی دەکاتەوە پابەندە بە پاراستنی مافی خوشک و برایانی ئێزدی و هەموو هەوڵێک لە پێناو زیاتر خزمەتکردن و کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانیان دەکات".
مەسرور بارزانی گوتیشی: کوردستان ماڵی خوشک و برایانمانە لە شێخان و ناوچەکانی دیکەش کە بەهۆی شەڕەوە یان هەر هۆیەکی دیکە ئاوارەبوونە. سوپاسی خەڵکی پارێزگای دهۆک، شێخان و ئەم دەڤەرە دەکەم کە دەرگای ماڵەکانیان بۆ خوشک و براکانیان کردەوە و نانی خۆیان لەگەڵیاندا بەش کرد.