مەسرور بارزانی: تەواوبوونی جووتسایدی شێخان- لالش، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ سەردانیکەرانی لالش دەکات

شەممە، 21-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێوڕەسمێکدا، بەردی بناغەی جووتسایدی شێخان- لالش، لە سنووری پارێزگای دهۆک دانا.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، بە تەواوبوونی هەردوو پرۆژەی ڕێگەی شێخان – لالش و هێتیت – باعەدرێ، کەرتی گواستنەوە و هاتوچۆ لە ناوچەکە بە باشی پێش دەکەوێت.
بە گوتەی مەسرور بارزانی، تەواوبوونی جووتسایدی شێخان – لالش، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ سەردانیکەرانی لالش و هاتوچۆی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەکات. باسی لەوەش کرد، دەڤەری شێخان لە ڕووی "ئابووری، کشتوکاڵ، گەشتیاری و شوێنەوارییەوە" زۆر گرنگە.
وەکوو ئەوەی سەرۆک وەزیران باسی کرد، دەڤەری شێخان "نموونەیەکی زۆر جوانی کەلتووری پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان. ئێمە بەم کەلتوورە و گیانی یەکترقبووڵکردن جوانین و سەرمان لە هەموو جیهان پێی بەرزە؛ بۆیە هەرچیمان پێ بکرێت بۆ خزمەتکردنی ئەم دەڤەرە، درێغی ناکەین".
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە "ئێمە خزمەتکاری خەڵکی خۆمانین. هیوادارم خوای گەورە پشتیوان بێت و لە هەموو بارودۆخێکدا، بەردەوام دەبین لە کاروانی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان سەرەڕای هەموو ئەو ئالنگاریی و ڕێگرییانەی لێمان کراون بۆ ئەوەی نەتوانین ئەجێندایی خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ بکەین، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و بە پشتیوانیی گەلی خۆڕاگرمان، بەردەوام بووین و بەردوامیش دەبین".
مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە "خوشک و برایانی ئێزدی، زێدەباری هەموو ئەو کارەسات، فەرمان و کۆمەڵکوژییانەی بەسەریاندا هاتووە، بەردەوامن لە بەرگریی لە زمان، کەلتوور و ناسنامەیان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووبارەی دەکاتەوە پابەندە بە پاراستنی مافی خوشک و برایانی ئێزدی و هەموو هەوڵێک لە پێناو زیاتر خزمەتکردن و کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانیان دەکات".
لەبارەی ڕێککەوتنی شنگالیش، سەرۆک وەزیران گوتی: لە هەوڵەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بەردەوامین بۆ ئەوەی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان لە شنگال نەمێنن و بەڕێوەبردنی شنگالیش بکەوێتە دەستی خەڵکی ڕەسەنی دەڤەرەکە؛ ئەمەش تەنها لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگالەوە دەکرێت کە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان".
مەسرور بارزانی گوتیشی: کوردستان ماڵی خوشک و برایانمانە لە شێخان و ناوچەکانی دیکەش کە بەهۆی شەڕەوە یان هەر هۆیەکی دیکە ئاوارەبوون. سوپاسی خەڵکی پارێزگای دهۆک، شێخان و ئەم دەڤەرە دەکەم کە دەرگای ماڵەکانیان بۆ خوشک و براکانیان کردەوە و نانی خۆیان لەگەڵیاندا بەش کرد.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، "تاوەکوو ئێمە مابین، ئەم وڵاتە، وڵاتی پێکەوەژیان دەبێت و دەرگاکانمان بۆ هەموو ئەوانە کراوە دەبن کە پێویستییان بە کوردستان دەبێت بۆ پاراستنی ژیان و کەرامەتیان".