گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا: زانکۆلاین کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ کارا دەکرێت

"ساڵانە بەهۆی داشکان لە کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران، نزیکەی 70 ملیار دینار بۆ کەسوکاری قوتابیان دەگەڕێتەوە"

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ زانکۆلاین بە شێوەیەکی فەرمی بۆ دەرچووانی 12 ئامادەیی کارا دەکرێت

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ زانکۆلاین بە شێوەیەکی فەرمی بۆ دەرچووانی 12 ئامادەیی کارا دەکرێت.

گوتیشی: سەرجەم دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەتوانن لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ بەو "یوزەرنەیم و پاسوۆرد"ەی لە قوتابخانەکەیان وەریان گرتووە، بچنە ناو سیستەمەکە و بەشیوەیەکی فەرمی فۆرمی زانکۆلاین لە ڕێگەی وێبسایتی "regayzanko.com"پڕ بکەنەوە، کە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ کارا دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمساڵ زانکۆلاین بە کۆمەڵێک نوێبوونەوە دەخرێتە بەر دەست قوتابیان، کە یەکێک لە نوێبوونەوە گرنگەکان ئەوەیە، ئەگەر قوتابی کۆ نمرەی 10 و 11ـی بەرز بێت بۆ ئەژمار دەکرێت، ئەگەریش کۆنمرەکەی نزم بوو بۆی ئەژمار ناکرێت. هەروەها وانەکانی کوردی و عەرەبیش ئارەزوومەندانەیە، ئەگەر کۆنمرەی پی بەرز بێتەوە بۆی ئەژمار دەکرێت ئەگەر نا بۆ ئەژمار ناکرێت.

عەباس ئەکرەم دەشڵێت: لە سیستەمەکە سەرجەم وردەکارییەکانی پیشکەشکردن خراوەتە ڕوو، مەرج و ڕێنماییەکان بەردەستن، هەروەها ڕێبەری وەرگرتنیش بەردەستە، قوتابییان کاتێک دەچنە ناو سیستەمەکە دەستیان بەهەموو ئەو زانییارییانە دەگات کە پێویستە بۆ پڕکردنەوەی سیستمەکە. هەروەها بەپێی شارەکانیش هەموو زانکۆ و پەیمانگەکان خراوەتە بەردەستی قوتابی. قوتابی دەتوانێت کاتێک هەڵبژاردنەکان دیاری دەکات هەمووی بەیەک جار 'سێند' نەکات واتە نەنێرێت و دەتوانێت بیهێڵێتەوە بۆ کاتێکی تر.

ڕاشیگەیاند، پێویستە لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆڵاین و پێشکەشکردن پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن، لەبەر ئەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەهیچ شێوەیەک بەرپرس نییە لە هیچ هەڵە و کەموکوڕیەک، لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆڵاین لەلایەن سەنتەرەکانی بازرگانییەکان یاخود سەنتەرە بازرگانییەکاندا.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتیشی: وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاندووە کە مەڵبەندی ڕاوێژکاری و سەنتەری تایبەت لە زانکۆکانی کوردستان کراوەتەوە، کە ڕێنوێنی و ڕێنیشاندەری قوتابین کاتێک دەیانەوێت داواکاری پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی تووشی کەموکوڕی هەڵە نەبن، تەنانات هاوکاریشیان دەکەن لە پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆڵاین.

جەختیشی کردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەوڵ دەدات بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2024-2025، زۆرترین دەرفەتی گشتی، واتە خوێندنی خۆڕایی بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان بڕەخسێنێت، هەروەها وەزارەت موژدە دەدات کە داشکاندن بۆ کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی ئەگەر قوتابییەک ئارەزووی شوێنێک بکات بەڵام چەند نمرەیەکی کەمە، ئەوە دەتوانێت داواکاری لە پارالێل پێشکەش بکات، کە ئەمساڵ 45% داشکان بۆ خوێندنی پارالێل دەکرێت. هەروەها ساڵانە بەهۆی داشکان لە کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران، نزیکەی 70 ملیار دینار بۆ کەسوکاری قوتابیان دەگەڕێتەوە.

Fly Erbil Advertisment