خەتاب ئەحمەد: پێویستە قوتابییان لەکاتی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین حەز و خولیاکانیان لەبەرچاو بگرن

د. خەتاب ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
د. خەتاب ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، زانکۆلاین لەمڕۆوە تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە کارا دەبێت و قوتابییان دەتوانن داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

د. خەتاب ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: بۆ ئەمساڵ 56 هەزار و 130 قوتابی دەرچووی پۆلی 12 هەن، هەروەها زانکۆلاین لەمڕۆوە تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە کارا دەبێت و قوتابییان دەتوانن داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە داوای لە قوتابییان کرد لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاری، حەز و خولیاکانیان لەبەرچاو بگرن و تەنیا لە ڕێگەی پشتبەستن بە کۆنمرەکانیان داواکاری بەشەکانیان هەڵنەبژێرن.

لەلایەکی دیکەوە عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەبارەی زانکۆلاینەوە گوتی: ئەم ساڵ زانکۆلاین بە کۆمەڵێک نوێبوونەوە دەخرێتە بەر دەست قوتابییان، کە یەکێک لە نوێبوونەوە گرنگەکان ئەوەیە، ئەگەر قوتابی کۆ نمرەی 10 و 11ـی بەرز بێت بۆ ئەژمار دەکرێت، ئەگەریش کۆنمرەکەی نزمبوو بۆی ئەژمار ناکرێت. هەروەها وانەکانی کوردی و عەرەبیش ئارەزوومەندانەیە، ئەگەر کۆنمرەی پی بەرز بێتەوە بۆی ئەژمار دەکرێت ئەگەر نا بۆ ئەژمار ناکرێت.

عەباس ئەکرەم دەشڵێت: لە سیستەمەکە سەرجەم وردەکارییەکانی پیشکەشکردن خراوەتە ڕوو، مەرج و ڕێنماییەکان بەردەستن، هەروەها ڕێبەری وەرگرتنیش بەردەستە، قوتابییان کاتێک دەچنە ناو سیستەمەکە دەستیان بەهەموو ئەو زانییارییانە دەگات کە پێویستە بۆ پڕکردنەوەی سیستمەکە. هەروەها بەپێی شارەکانیش هەموو زانکۆ و پەیمانگەکان خراوەتە بەردەستی قوتابی. قوتابی دەتوانێت کاتێک هەڵبژاردنەکان دیاری دەکات هەمووی بەیەک جار 'سێند' نەکات واتە نەنێرێت و دەتوانێت بیهێڵێتەوە بۆ کاتێکی تر.

جەختیشی کردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەوڵ دەدات بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2024-2025، زۆرترین دەرفەتی گشتی، واتە خوێندنی خۆڕایی بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان بڕەخسێنێت، هەروەها وەزارەت موژدە دەدات کە داشکاندن بۆ کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران بەردەوام دەبێت.

Fly Erbil Advertisment