کاردانەوەکان لە دژی حەلبووسی بەردەوامە
K24 – بەغدا:
لە وەڵامی لێدوانێکی حەلبووسی دژی پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە، وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایدەگەیەنێت: پێشمەرگە هێزێکی نشیتمانیە و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە گومان بخاتە سەریان، هەر لە سەر هەمان لێدوان زۆینەی لایەنە سوننە و شیعەکان هاتوونەتە دەنگ و لە ڕاگەیەندراوەکانیان حەلبووسی بە کارەکتەرێکی سیاسی سوتاوو ناو دەبەن و هێزی پێشمەرگەش بە هێزێکی نشتیمانی ناو دەبەن.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، لەمیانی لێدوانێکی چەند گوتەیەکی دژی پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە دەربڕیوە، بەمەش گۆمێکی شڵقاندووە کە خەریکە خۆشی تێیدا وون دەبێت، چونکە لایەنە شیعەکان و تەنانەت سوننەکانیش دژی ئەو لێدوانە هاتوونەتە دەنگ و لە ڕاگەیەندراو و لێدوانەکانیاندا خودی حەلبووسی بە کارەکتەرێکی سیاسی کارت سوتاوو ناو دەبەن.
سەلام زوبێدی، گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسڕ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لێدوانەکەی حەلبووسی هەڵەیە، بە تایبەت لەم کاتە زۆر نەگونجاوە، چونکە هێرشی لە ڕاگەیاندنەکانەوە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی ناکات و پەیوەندییەکان تێک دەدات، ئەو هیچ بەرپرسیارێتییەکی نییە ئەبێت پابەند بێت و دووربکەوێتەوە لە دروستکردنی ئاژاوەگێڕی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
جیا لە مێژووە پڕ خەباتەکەی پێشمەرگە ئەو هێزە بەرگریکارە بوو کە لە شەڕەی داعشدا ڕۆڵی سەرەکی پێسپێردرا بۆ لە ناوبردنی ئەو گرووپە تیرۆرستیە، ئەمەش بووە مایەی پارێزگاریکردن لە تەواوی عێراقییەکان.
عەباس جبووری، شارەزای ئەمنی، دەڵێت: حەلبووسی کارتەکەی سوتاووە، بوونی نەماوە، کە لە پەرلەمان دوورخرایەوە کارتیشی بەدەستەوە نەما، لێدوانەکانی هیچ بەهایەکییان نییە، ئەمە ئەرکی سیستەمی سەربازیی عێراقە، حکوومەت بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵەی کردووە و چەکی بە پێشمەرگە داوە، ئیتر هیچ کەسێک بۆی نییە قسەی تێدا بکات.