هەرمان میرزا بەگ: چەندین پرۆژەی ستراتیجی لە شێخان جێبەجێ کراون

هەرمان میرزا بەگ، ڕاوێژكاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ كاروباری ئێزدییەكان
هەرمان میرزا بەگ، ڕاوێژكاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ كاروباری ئێزدییەكان

K24 – هەولێر:

ڕاوێژكاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ كاروباری ئێزدییەكان، دەڵێت: سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ دەڤەری ئێزدییەکان بووەتە مایەی دڵخۆشی هاووڵاتییان.

هەرمان میرزا بەگ، ڕاوێژكاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ كاروباری ئێزدییەكان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: چەندین پرۆژەی ستراتیجیی لە ماوەیەكی کورتدا لە شێخان جێبەجێ کراون و سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش بۆ ناوچەکە بووەتە مایەی دڵخۆشی هاووڵاتییان.

شەممە، 21ـی ئەیلوولی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێوڕەسمێکدا، بەردی بناغەی جووتسایدی شێخان- لالش، لە سنووری پارێزگای دهۆک دانا.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، بە تەواوبوونی هەردوو پرۆژەی ڕێگەی شێخان – لالش و هێتیت – باعەدرێ، کەرتی گواستنەوە و هاتوچۆ لە ناوچەکە بە باشی پێش دەکەوێت.  

مەسرور بارزانی، جەختی لەوە کردەوە، تەواوبوونی جووتسایدی شێخان – لالش، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ سەردانیکەرانی لالش و هاتووچۆی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەکات. باسی لەوەش کرد، دەڤەری شێخان لە ڕووی "ئابووری، کشتوکاڵ، گەشتیاری و شوێنەوارییەوە" زۆر گرنگە.

وەکوو ئەوەی سەرۆک وەزیران باسی کرد، دەڤەری شێخان "نموونەیەکی زۆر جوانی کولتووری پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان. ئێمە بەم کەلتوورە و گیانی یەکترقبووڵکردن جوانین و سەرمان لە هەموو جیهان پێی بەرزە؛ بۆیە هەرچیمان پێ بکرێت بۆ خزمەتکردنی ئەم دەڤەرە، درێغی ناکەین".