سەندیکای زێڕنگەران: گرانبوونی زێڕ تا ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت

سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی لقی هەولێر ڕایگەیاند، ڕاگەیاندنی جیهانی و لەدەستدانی بەهای دۆلار بەرانبەر دراوی وڵاتان بووە هۆی بەرز بوونەوەی نرخی زێڕ.
یەکشەممە، 22ـێی ئەیلوولی 2024، هەندرێن وەرتێی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی لقی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، هێنانە خوارەوەی 0.50ـی لە ڕێژەی بانکی سووی ئەمەریکایە، کە لە دوای 20 ساڵ "جێرم پاوڵ"، سەرۆکی دەزگای فیدراڵی ئەمەریکا، ئەو ڕێژەی لە فایزی بانکی هێنایە خوارەوە.
سەرۆکی سەندیکا دەڵێت: ئەمساڵ وڵاتان بە شێوەیەکی فیزیکی بڕێکی زۆر، واتە بە تۆن زێڕیان دەکڕی، ئەوەش بووە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان. هۆیەکی دیکەی دابەزینی نرخی دۆلار لە جیهان کە بەشێک لە بەهاکەی خۆی لە بەرانبەر دراوی وڵاتان و پێنوێن، لە دەست دا.
دەشڵێت: هۆیەکی دیکەش هەیە کە بەو شێوە نرخی زێڕ گران بووە، بە بڕوای خۆم، ڕاگەیاندنی جیهانی بوو، کە کاریگەرییەکی باشی کردە سەر بەرز بوونەوەی زێڕ.
هەندرێن وەرتێی ڕاشیگەیاند: گرانبوونی زێڕ بەردەوام دەبێت و یاریی دەکات تا سەری ساڵی تازە، نرخەکەی جێگیر بێت، ئەویش ئەگەر 10ـی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ کە هەندێک هەواڵی گرنگ دەربارەی خانووبەرە، داتای کشتوکاڵ، ئۆتۆمبیل و هەڵئاوسان ئەوداتایانە لە بەرژەوەندی دۆلار بن، نرخی زێڕ دەشکێنێت؛ بەڵام ئەگەر نەرێنی بوو، ئەوا نرخی زێڕ زیاتر بەرز دەبێتەوە. لە کوردستانیش بە هەمان شێوەیە چونکە پابەندین بە بۆرسەی جیهانییەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دابەزینی نرخی زێڕ، ئێستە پەیوەستە بە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە، ئەگەر ترامپ سەربکەوێت، سیاسەتی ترامپ کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ دەبێت.