بارسێلۆنا لەبەردەم ئەرکێکی قورسدایە

پێدری ناوەڕاستکاری بارسێلۆنا
پێدری ناوەڕاستکاری بارسێلۆنا

بارسێلۆنا زۆر بە باشی دەستی بە وەرزی نوێی خولی ئیسپانیا کرد و لە چوار یاریی سەرەتای خولەکە بردنەوەیان بەدەستهێنا، بەڵام یاریی رابردوویان لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مۆناکۆی فەڕەنسا، تووشی یەکەم دۆڕانی ئەم وەرزە بوون.

بارسێلۆنا ئامادەکاری تەواوی کردووە، بۆ یاریی گەڕی شەشەمی لالیگا، کە بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 19:30 بە کاتی هەولێر، لە دەرەوەی یاریگای خۆی، رووبەڕووی ڤیاریاڵ ببێتەوە، چاوەڕێ دەکرێت ئەم یارییەش بۆ یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا ئاسان نەبێت، بەهۆی ئەوەی یانەی بەرامبەر، ئەم وەرزە تووشی هیچ دۆڕانێک نەبووە.

ڤیاریاڵ ئەم وەرزە لە کۆی پێنج یاریی خۆی لە خولی ئیسپانیا، خاوەنی سێ بردنەوە و دوو دۆڕانە، لەو پێنج یارییەش دوو بردنەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر سێڤییا و هەروەها مایۆرکا بووە، بردنەوەیەکیشی لە یاریگای خۆی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ بووە.
هانسی فلیک راهێنەری بارسێلۆنا، ئەویش هاوشێوەی راهێنەری یانەکانی دیکە، گلەیی لە زۆری یارییەکان دەکات و لە هەمان کاتدا داوا لە یوێفا و فیفا دەکات، گۆڕانکاری بەسەر خشتەی یارییەکاندابێنن.

'' پێموایە پێویستە فیفا و یوفا زیاتر ئاگاداری یاریزانەکان بن. هەموومان تۆپی پێمان خۆشدەوێت، بەڵام بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی یارییەکان پێویستە ژمارەیان کەم بکەیتەوە. یارییەکی سەختمان لە پێشە، ڤیاریال سێیەم باشترین هێڵی هێرشبەری هەیە لە لالیگا، بۆیە دەبێت ئامادەکاری باش بۆ یارییەکە بکەین. هەشت یاریزانمان هەیە کە بە هۆی پێکان بەشداری ئەم یارییەش ناکەن، بۆیە سەرنجمان لەسەر ئەو یاریزانانەیە کە بەردەستن و هیچ کێشەیان نیە ''.

هەردوو یانە ئامارێکی هاوشێوەیان هەیە و لە نۆ یاریی رابردوو هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە، بارسێلۆنا لەو نۆ یارییە خاوەنی 26 گۆڵی کردووە و تەنها پێنج گۆڵیان لێکراوە، لە بەرامبەردا ڤیاریاڵیش لە نۆ یاری رابردووی نەدۆڕاوە و لەو نۆ یارییەش، 20 گۆڵیان کردووە و 16 گۆڵیان لێکراوە.