ئەمڕۆ یاریی لووتکەی پرێمەرلیگ بەڕێوە دەچێت
مانچێستەر سیتی و ئارسێناڵ دوو ڕکابەرەکەی دوو وەرزی ڕابردووی پرێمەرلیگ، ئەمڕۆ کاتژمێر 18:30 بە کاتی هەولێر، لە یاریی لووتکەی گەڕی پێنجەمی خولەکە و لە یاریگای ئیتیحاد لە شاری مانچێستەر، ڕووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.
مانچیستەر سیتی ئەم وەرزە باشتر لە هەموو یانەیەک دەستی پێ کردووە، لە کۆی چوار یاریی سەرەتا ئەم وەرزە، تاکە یانەیە لە هەر چوار یاریی بردنەوەی بەدەست هێنابێت، لە بەرامبەردا ئارسێناڵیش لە کۆی ئەو چوار یارییەی، سێ بردنەوە و بەرامبەربوونێکی تۆمار کردووە.
ئێرلینگ هاڵاند، گۆڵکارە لاوەکەی ستینزن، ئەم وەرزە ئاماری گۆڵەکانی لە 19 یانەی پرێمەرلیگ باشتر بووە، ئەو یاریزانە خاوەنی 9 گۆڵە و تەنها یانەکەی خۆی و هەروەها چێڵسی، زیاتر لە ئەو گۆڵیان لەم وەرزەی خولەکە تۆمار کردووە.
پێپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری هونەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی پێش یارییەکە لەبارەی پێکانەکەی کیڤن دێ برۆین، یاریزانی ناوەڕاستی یانەکەی ڕایگەیاند، سبەی ڕۆژی یارییەکە بڕیار لەسەر چارەنوسی دەدرێت..
'' کیڤن دێ برۆین لەم چەند ڕۆژە هەستی بە باشی کردووە، لە دوایین یەکەی ئامادەکاری دەبێت بزانین تەندروستی چۆن دەبێت، پاشان لە ڕۆژی یارییەکە بڕیار لەسەر چارەنوسی دەدەین. ئارسێناڵ دوو وەرزی رابردوو، ڕکابەرێکی بەهێزی ئێمە بووە، ئەوان یارییەکی باش و بە کۆمەڵ دەکەن، ئێستا سەرەتای وەرزە و قسەکردن لەسەر خشتەی ڕیزبەندی هیچ گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە یاریزانەکانت ئامادەبن بۆ ئەم وەرزە''.
مانچێستەر سیتی سێزدە یارییە لەسەر یەک لە پرێمەرلیگ نەدۆڕاوە، لەو سێزدە یارییەش هەر سێزدە یارییەکەیان بردووەتەوە، دوایینجاریش کە سێ خاڵی یارییەکەیان بەدەست نەهێنابێت، بەرامبەر ئارسێناڵ مانگی ئاداری ئەمساڵ لە یاریگای خۆی بوو.
ئارسێناڵ لە ساڵی 2024 هیچ یارییەکی لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە پرێمەرلیگ نەدۆڕاندووە، لەو یازدە یارییە خاوەنی 10 بردنەوە و یەکسانبونێکن و دوایین دۆڕانیشیان لە دەرەوەی یاریگای خۆیان، مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا بوو.