بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی: جووتیاران ئۆقرەیان نەماوە
بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی: ئەو کێشەیەی بۆ چەکی پارەی گەنمی جووتیاران دروست بووە پەیوەندی بە بەغداوە هەیە
بەغدا 10 ڕۆژە کێشەی بۆ وردکردنەوی چەکی بانکی پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی دروست کردووە، کەچی جووتیاران بەهۆی چارە نەکرانی کێشەکە هەڕەشەی داخستنی سایلۆکانی سلێمانی دەکەن.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای سلێمانی تایبەت بە کوردستان24 گوتی: لە 11ی ئەم مانگەوە چەکی پارەی گەنمی جووتیارانمان بە دەست گەیشتووە کە بڕەکەی 67 ملیار 84 ملیۆن دینارە و لە 12ی مانگەوە لە بانکی هەرێم چەکەکە ڕەوانە بەغدا کرا بۆ ئەوەی پارەی کاش بخرێتە سەر هەژماری بانکی بابانی سلێمانی بەڵام لەو ڕۆژەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 15 جار ئەو چەکەمان ناردووە و لەلایەن لە بەغداوە دەگەڕێنرێتەوە بە پاساوی ئەوەی گوایە چەکەکە بە جوان دەرناکەوێت پارەکە خەرج ناکەن.
گوتیشی: پێنجشەممەی ڕابردوو بەڵێنیان پێداین کە پرۆگرامێکی دیکەمان بۆ دابنێن بۆ ناردنی چەکەکە بۆ ئەوەی بە جوانی دەربکەوێت، ئەمڕۆکەش لە بەرە بەیانی زووەوە لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندیدام بۆ چارەکردنی ئەم گرفتەی هەیە.
نەسرین ئەحمەد دەڵێ: بانکی هەرێم کە چەکەکە بۆ بەغدا دەنێرێت هیچ کێشەیەکی نییە و زۆر بە جوانی و ڕوونی لە سیستمەکە دەردەکەوێت، بەڵام بەغدا هەر بیانوو دەگرێت گوایە لای ئەوان دیار نییە، ئێستاش بە ڕوونی کێشە و گرفتەکەیان یەکلایی نەکردووەتەوە، جارێک هۆکارەکە دەخەنە پاڵ تەکنیک و سیستەم جارێک دەیکەنە ئەستۆی خۆیان، کەچی هەر لەگەڵ ئەو چەکەی پارەی گەنمی جووتیاران، چەکی دیکەمان بۆ بەغدا ناردووە هیچ گرفتێکی نەبووە و پارەکە خەرج کراوە، کەچی تەنیا گرفت بۆ ئەم چەکەی خەرجکردنی پارەی جووتیاران دروست بووە.
هەروا ئاماژەی دا کە جووتیارەکان تەواو بێهیوا بوون و بەردەوام پەیوەندی دەکەن. گوتیشی: دواجار جووتیارێک هەڕەشەی داخستنی دەرگای سایلۆکانی کردووە گوتوویەتی 'ئەگەر ئەمڕۆ یەکشەممە پارەکەیان خەرج نەکرێت، ئەوا هەڵدەکوتنە سەر سایلۆکان و دەرگاکان دادەخەن'.
هەر لە بارەی ئەم کێشەیەوە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەو کێشەیەی دروستبووە تەنکنیکییە و پەیوەندی بەو ئامێرانەی بانکەوە هەیە، گرفتەکەش لەوەیە چەکاکان ناخوێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی سبەی کێشەکە چارە بکەین و پرۆسەی خەرجکردن و دابەشکردنی پارەی جووتیاران لە سنووری پارێزگای سلێمانیش دەست پێ بکات.