بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەکی 100 قەروێڵەیی لە شنگال دانرا
K24 – هەولێر:
لە قەزای شنگال بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەکی 100 قەروێڵەیی دانرا و گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، گوژمەی دروستکردنی نەخۆسخانەکە 77 ملیار دینارە و بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بکرێت.
یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024 بە ئامادەبوونی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا و ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان، ماجد شنگالی، سەرۆکی لێژنەی تەندروستی لە پەرلەمان، مەحما خەلیل ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و ئیداری، بەردی بناغەی پرۆژەی نەخۆشخانەیت 100 قەرەوێڵەیی لە شنگال دانرا.
لەبارەی دروستکردنی نەخۆشخانەکە، پارێزگاری نەینەوا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی بودجەی حکوومەتی خۆجێی و بەرنامەی حکوومەتی فیدراڵ بووە بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ قەزاکە لە ڕێگەی ئاوەدانکردنەوەی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، بە ئامانجی خێراترکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
عەبدولقادر دەخیل جەختی کردەوە، کە ئەوان لەگەڵ خەڵکی شنگال دەبن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە لەڕێگەی قەرەبووکردنەوە و خاوەندارێتی خانووەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕیارە نەخۆشخانەکە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بکرێت و گوژمەی دروستکردنیشی 77 ملیار دینارە.
هاوکات گوتی: ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق تەواوی هەوڵەکانمان خستەگەڕ بۆ ئەوەی لە بودجەی حکوومەتی فیدراڵدا گوژمەی دروستکردنی نەخۆشخانەکە تەرخان بکرێت و سوپاس بۆ خوا هەوڵەکانمان ئەنجامی هەبوو. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ خزمەتکردنی قەزای شنگال و خەڵکەکەی.