لوقمان سەعید: ئەمساڵ 19 قوتابخانەی نوێ بەڕووی قوتابیاندا دەکرێتەوە

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمساڵ ئەمساڵ 19 قوتابخانەی نوێ بەڕووی قوتابیاندا دەکرێتەوە، سەرباری ئەوەی 44 قوتابخانەی نوێ لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا دروست کراون.
یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەزار 816 قوتابخانە لە سنووری پاریزگای هەولێر هەن، 44 قوتابخانەی نوێ دروستکراون، بۆ ئەمساڵیش 19 قوتابخانەی نوێ پێشوازیی لە قوتابیان دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر دەشڵێت: هیچ کێشەیەک لە پرۆسەی خوێندن نییە و وەزیری پەروەردە بە وردی چاودێریی پرۆسەی پەروەردە دەکات، دەڵێت: پێنج ملیۆن و 360 کتێبی خوێندن چاپکراوە بۆ تەواوی قۆناغەکانی خوێندن.
دەشڵێت: ئامادەکاریی تەواو کراوە و قوتابیان وەرگیران و لە سیستەم تۆمارکراون، بەپێی پلان 13 قوتابخانە مابوون کە سێ دەوامی خوێندنی تێدا بوون، ئێستا هیچ قوتابخانەیەک نەماوە سێ دەوام بێت، ڕایگەیاند کە 250 قوتابخانەیان نۆژەنکردووەتەوە، 300 دەرخستەی دیکەشیان پیشکەش کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، سەرباری ئەوەی 210 ژووریان بۆ قوتابخانەکان کردووەتەوە، گوتیشی: بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی کۆیە تەرخانکراوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە دەزگای بارزانی پشتیوانی تەواوی پرۆسەی خوێندن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی کردووە، جگەلە دروستکردنی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لەسەر بودجەی دەزگاکە.