مەسرور بارزانی: "ههژماری من" یارمهتی لەناوبردنی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە دەدات

K24 – هەولێر:
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: له كابینهی نۆیهمدا چەندین چاکسازی گرنگمان کردووە و نەوت و گاز ناكهینه تاكه سهرچاوهی داهات، هەروەها ههوڵی جددیم بۆ هەمەچەشنكردنی سەرچاوەکانی داهات دا. جەختی لەوە کردەوە، "ههژماری من" یارمهتی لەناوبردنی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە دەدات.
کەناڵی ئەلعەرەبییە و حەدەس، بەشی دووەمی گفتۆگۆی تایبەتییان لەگەڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە، لەم بەشەدا سەرۆک وەزیران، باسی لە چەند پرسێکی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان کرد، لە ڕووی ئابووری، وەبەرهێنان، کەرتی بانکیی، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئاڵۆزی ناوچە سنوورییەکان.
لەبارەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئەرکی سەرۆکایەتیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانم پێ بەخشرا، هەوڵێکی جددیم دا، بۆ ئەوەی سەرچاوەکانی داهاتی ئابووری هەرێم هەمەچەشن بکەم. ئێمە تەنیا سەرنجمان لەسەر وزە نییە، واتە تەنیا وەک تاکە سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان لە نەوت و گاز ناڕوانین.
لەسەر چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ڕژدین
ئاماژەی بەوەش کردووە؛ لە پێناو زیادکردنی خزمەتگوزاریی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان چەندین چاکسازی گرنگمان کردووە؛ گرنگترینیان بە دیجایتاڵکردن خزمەتگوازرییەکان و سیستمی بانکیی و ڕێکخستنەوەی خزمەتگوازرییەکان و کەمکردنەوەی خەرجی حکوومەت و دووبارە ڕێکخستنەوەی کاروباری حکوومەت بە شێوەیەکی زانستی لەسەر بنەمای داتا و زانیاریی دروست.
لەبارەی گەندەڵی و پێدانی بەرتیل لە کەرتی وەبەرهێنان؛ سەرۆک وەزیران دەڵێت؛ بە هیچ شێوەیەک گەندەڵی و بەرتیل قبووڵکراو نییە، هەموو هەوڵی خۆمانداوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەموو ڕەفتارێکی نایاسایی و پێچەوانەی یاسای وەبەرهێنانن بکەین، ئەگەر هەر وەبەرهێنەرێکیش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری هەیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت مامەڵەیەی ناساغلەمی لەگەڵدا کراوە، حکوومەت ئامادەیە بەدواداچوون بۆ پرسەکە بکات و پشتیووانی بکات لەوەی ڕێگری لە گەندەڵی بکات.
مەسرور بارزانی جەخت لەوەش دەکاتەوە، ڕژدین لەسەر چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. لە کاتێکدا بابەتەکە هەروا ئاسان نییە و بە شەو و ڕۆژێک چارە ناکرێت. شتێکی سروشتییە هەموو ئامانجەکانی خۆمان نەپێکابێت، بەڵام هەرچییەک بێت ڕێگە بە بەردەوامیی گەندەڵی نادەین، تا ڕادەیەکی باش ڕیگریمان لەم بابەتە کردووە و شەڕی گەندەڵیشمان کردووە کەمتەرخەمیش لە هیچ هەوڵێک بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی ناکەین.
"ههژماری من" یارمهتی لەناوبردنی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە دەدات
سەبارەت بە ئاڵۆزی و رووبەڕووبوونەوە لە ناوچە سنوورییەکان، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی ئەمڕۆ نەماتوانیوە هەموو گوندەکان ئاوەدان بکەینەوە، زۆرینەی خەڵکی ئەن ناوچانە ئاژەڵدار و جووتیاران و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان سوود لە زەوی و سروشتی ئەو ناوچانە وەربگرن. هیوادارم بگەڕێینەوە و ئاشتی و ئاسایش بەو ناوچانە ببەخشینەوە، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکان کۆتایی بێن و ڕێز لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و سەروەریی عێراق بگیرێت وەبەرهێنەران بگەڕێنینەوە ئەو ناوچانە.
هاوکات سەرۆک وەزیران ڕۆشنایی خستە سەر پڕۆژەی "هەژماری من" و گوتی: بەداخەوە ئابووری عێراق پشت بە بنەمای پارەی نەختینە دەبەستێت، لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەی هەژماری منمان ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەی هاووڵاتی چ لە کەرتی گشتی بێت یاخود تایبەت ببێتە خاوەنی هەژماری بانکیی خۆی ئەم بابەتەش سوودی زۆرە و چەندین خزمەتگوازری پێشکەشی هاووڵاتییان دەکات، وەکوو پێدانی قەرز. جگە لەوەش ئەم پڕۆژەیە یارمەتی لە نێوبردنی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە دەدات و دەرگا بەڕووی بازاڕی جیهانیدا دەکاتەوە. داوامان لە بانکە رێپێدراوەکانی بانکیی ناوەندیی عێراق کردووە بەشداریی ئەم پڕۆژەیە بکەن.