لاپۆرتا لە بردنەوە گەورەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر ڤیاڕیاڵ نیگەرانە
خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بە بردنەوە گەورەکەی بارسێلۆنا دڵخۆش نییە و دوای یارییەکەی بەرامبەر ڤیاڕیاڵ نیگەرانە.
لە گەڕی شەشەمی لالیگای ئیسپانی هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ڤیاڕیاڵ ڕووبەڕووی یەك بوونەوە و یانە کەتەلۆنییەکە بە ئەنجامێکی گەورە و 5-1 یارییەکەی بردەوە.
لەو یارییە تێر شتیگنی گۆڵپارێزی بارسێلۆنا تووشی پێکانێکی قورسبوو، هاواری دەکرد "ئەژنۆم، ئەژنۆم" و هەر لە کاتی یارییەکە ڕاگەیەندرا کە گۆڵپارێزە ئەڵمانەکە بەستەری ئەژنۆی پچڕاوە و ماوەیەکی درێژ لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا گوتی: بردنەوەیەکی دڵتەزێن بوو، نازانم شتەکان بۆ بەو ئاراستەیە دەڕۆن! (مەبەستی پێکانە قورسەکەی تێر شتیگنە).
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامە کەتەلۆنییەکان بە پێکانەکەی گۆڵپارێزە ئەڵمانەکە دڵتەنگن و وێنەکەیان بە گەورەیی لەسەر پەڕی یەکەمی ڕۆژنامەکانیان داناوە.
بارسێلۆنا بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ لە 6 یاریی پێشەنگی لالیگای ئیسپانی گرتووە و بە جیاوازی 4 خاڵ لە نزیکترین ڕکابەری، کە ڕیاڵ مەدریدە دوورە.