کۆمپانیایەکی فەرەنسی: کوردستان دەرفەتی باشی وەبەرهێنانی تێدایە
ئەمڕۆ دووشەممە، 23-09-2024، یەکەمین کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان، بە هاوئاهەنگیی لە نێوان دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بزووتنەوەی ئابووریی فەرەنسا، لە پاریس بەڕێوە دەچێت.
ئەحمەد ئەل بن هاجی، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای 'Cleia'ـی فەرەنسی کە لەبواری کەرەستەی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکات، لەو بارەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دڵخۆشین بە پێشوازیی لە شاندیی کوردستان بۆ فەرەنسا، گوتی ئێمە لە بواری خشت و کەرەستەی بیناسازی کار دەکەین، هەروەها کۆمەڵێک کارگەی گەورەمان لە سلێمانی و چەمچەماڵ دروست کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کوردستان لە ڕووی ئابووریەوە توانایەکی زۆر باشی هەیە، هەروەها دەرفەتی باشی وەبەرهێنانی تێدایە کە دەتوانیت کارگەی تێدا دروست بکەیت. گوتیشی: ئێمە لە هەولێر و دهۆکیش دەست بەکار دەکەین، هەوڵیش دەدەین لە سەرانسەری شار و شارۆچکەکانی کوردستان کار بکەین.
دەشڵێت:هەرێمی کوردستان دەستی کاری باش و ماددەی باشی تێیدایە کە دەتوانین سوودیان لێ ببینین، تەنانەت دەتوانین بەرهەمەکانمان هەناردەی شارەکانی دیکەی عێراقیش بکەین، چونکە دەزانین کە بەرهەمی عێراق زۆر باش نییە. گوتیشی: تا 10 یان 15 ساڵی دیکە دەتوانین بەرهەمەکانمان لە هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکەین، چونکە لێکۆڵینەوەی باشمان لە خاک و ژینگەی کوردستان کردووە.
جەختیشی کردەوە، ئێمە هاتووینە ئەو کۆڕبەندە تاوەکو هاوکاریی بازرگانە کوردەکان بکەین، هەروەها کاری پێکەوەیی لە نێوان کارگەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان بنیات بنێین. چونکە بازاڕی عێراق پێویستی بە خشت و کەرەستەی بیناسازی زیاترە.
باسی لەوەش کرد، ئێمە کۆمەڵێک کۆمپانیای فەرەنسیمان هەیە، دەخوازن بچنە هەرێمی کوردستان، هەروەها هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە دەستی تەکنەلۆجیا و کەرەستەی بیناسازییە، هەربۆیە ئەو جۆرە کۆڕبەندە زۆر باشە.
دەستەی وەبەرهێنان: دەمانەوێت وەبەرهێنانی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکەین
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نزیکەی 60 وەبەرهێنەری کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و دەیان وەبەرهێنەری فەرەنسی، بەشداریی کۆڕبەندەکەی پاریس دەکەن.
ئامانج لە کۆڕبەندەکە، وەک ئاکرەیی باسی کرد "بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسایە. لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، پاریس و هەولێر پەیوەندییەکی زۆرباش و تۆکمەیان هەیە، دەمانەوێت ئەم پەیوەندییە نایابە لە بواری ئابووریشدا ڕەنگ بداتەوە".
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ڕوونیشی کردەوە "دەمانەوێت لە ڕێگەی کۆڕبەندەکەوە وەبەرهێنەرە فەرەنسییەکان هان بدەین بێن لە هەرێمی کوردستان، لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا وەبەرهێنان بکەن و بۆ ئەو مەبەستە دەستەی وەبەرهێنان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات".
ئاکرەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد "دەمانەوێت کۆڕبەندەکە بکەینە دەرفەتێک بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی فەرەنسا".