وەزیری بازرگانی: بانگهێشتی کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەکەین وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن

کەمال موسلیم.
کەمال موسلیم.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23-09-2024، یەکەمین کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان، بە هاوئاهەنگیی لە نێوان دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بزووتنەوەی ئابووریی فەرەنسا، لە پاریس بەڕێوە دەچێت.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان لە پاریس، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو کۆڕبەندەی پاریس زۆر گرنگە، ئێمە لە پانێڵێک بۆمان ڕوونکردنەوە کە گرنگیی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان و دەرفەتی کار چییە، هەروەها ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان چۆنە.

گوتیشی: ئێمە داوامان لە لایەنی فەرەنسا کرد بەوەی دەخوازین وەبەرهێنەرانی فەرەنسا بێنە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، لەبەر ئەوەی ژینگەیەکی لەباری هەیە لەهەموو ڕوویەکەوە، ناوچەیەکی ئارامیشە.

کەمال موسلیم باسی لەوەش کرد، لە ڕووی سیاسیییەوە پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان هەردوولادا هەیە، بۆیە دەبێت پەیوەندییەکان لە بواری ئابووریش ڕەنگ بداتەوە. گوتیشی: بۆیە ئەو کۆڕبەندە گرنگە، کە بەداخەوە تا ئێستا وەبەرهێنەرانی فەرەنسا لە گرنگیی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوون، لەبەر ئەوەی کە باسی عێراق دەکەیت وادەزانن کوردستانیش وەکو شوێنەکانی دیکەی عێراق نا ئارامە، بۆیە داوامان لێ کردوون سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و پەیوەندییە بازرگانییەکان پتەوتر بکەن و کارگە دابمەزرێنن، ئێمەش کارئاسانیان بۆ دەکەین.

وەزیری بازرگانی گوتیشی: باسمان لەوەش کرد کە دەبێت کەلوپەلی فەرەنسا بێتە هەرێمی کوردستان، وەکو بازاڕێکی گەورە، چونکە عێراقیش چاوی لە بازاڕی هەرێمی کوردستانە، هەروەها فەرەنساش ببێتە بازاڕێک بۆ ساغ کردنەوەی کەل و پەلی هەرێمی کوردستان.

کەمال موسلیم دەشڵێت: فەرەنسا ئەزمونێکی گەورەی لە بوارەکانی پیشەسازی و بازرگانیدا هەیە، ئەوەش دەرفەتێکە کە ئێمە بتوانین سوود لە فەرەنسا وەربگرین، هەروەها ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکمان هەیە لەگەڵ کۆمپانیا فەرەنسییەکان، کە دەتوانین زیاتر گەنگەشەی بابەتەکە بکەین و تێگەیشتنی زیاتر لەسەر کارەکان هەبێت.

 

Fly Erbil Advertisment