سبەی خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی سلێمانی دەست پێ دەکات
بەڕێوەبەرایەتیی سایلۆکانی پارێزگای سلێمانی ئاگەداری جوتیاران دەکاتەوە کە لە سبەینێوە دەست دەکرێت بە خەرجکردنی چەکی بانکی پارەی جوتیارانی سنوورەکە و لە شارەدێی پیرەمەگروون پرۆسەکە دەست پێ دەکات.
دەوای چارەکردنی کێشەی نەخوێندنەوەی چەکی شایستە داراییەکانی جووتیاران لە بەغدا، بەڕێوەبەرایەتی سایلۆکانی پارێزگای سلێمانی جووتیاران ئاگەدار دەکاتەوە، کە سبەی سێشەممە 24ی ئەیلوولی 2024، جووتیارانی خاوەنی پسوولەی 411 بۆ 545 دەتوانن لە شارەدێی پیرەمەگروون سەردانی هۆبەی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی سایلۆکانی سلێمانی بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان.
لە 12ی ئەم مانگەوە چەکی پارەی گەنمی کڕدراوە جووتیارانی سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین کە بڕەکەی 67 ملیار 84 ملیۆن دینارە گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتیی سایلۆکانی سلێمانی، بەڵام زیاتر لە 10 ڕۆژ بوو بەهۆی کێشەیەک لە بەغداوە دابەشکردنی شایستەی دارایی جووتیاران دواکەوتبوو، دواجار دوێنێ دووشەممە، نەسرین ئەحمەد بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی بە کوردستان24 ڕاگەیاند، بەردەوام لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندیدان بۆ چارەکردنی کێشەکە بۆ ئەوەی هەرچی زووە هاوشێوەی هەولێر و دهۆک دەست بە دابەشکردنی پارەی جوتیاران بکەن.
ئەم ساڵ لەکۆی گەنمی وەرگیراوی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراق بەگوێرەی ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق کە تێکڕاکەی 700 هەزار تۆن بوو، پشکی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکە 282 هەزار تۆن بوو، کە دەکاتە %40 کۆی گەنمی کڕاوەی هەرێمی کوردستان.