فوتیان، گەورەترین بازاڕی چینە و کاڵا بۆ هەرێمی کوردستانیش هەناردە دەکات
بازاڕی "فوتیان"، یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی جیهانە و دەکەوێتە شاری ئیوو، لە چین. لەم بازاڕە، کاڵا بە کۆ دەفرۆشرێت نەک بە تاک.
ناوی بازاڕەکە بە کوردی واتا "زەویی خۆشحاڵی" لەبەر ئەوەی زۆرترین کەسی خۆشحاڵ كردووە بە تایبەت بازرگانەکان کە سەرنجی زۆرترین بازرگانی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە.
ئەوەی دەتەوێت و بیری لێ دەکەیتەوە، لە بازاڕی "فوتیان" هەیە و بە ئاسانی دەست دەکەوێت و نرخەکانیش بە گوێرەی داواکاریی کەسەکە دەگۆڕێت؛ بەلام بە گشتی نرخەکان گران نین.
فرۆشیارێکی بازاڕەکە دەڵێت: هەر کەسێک دێت بۆ دووکانەکامان بۆ ئەوەی کاڵاکان بکرێت، دەپرسێت ئایا ئەگەر1000 دانە بکڕم، بەردەستە؟ ئێمە دەڵێن بەڵێ. ئەگەر بابەتێکیش بەردەست نەبوو، ئەوا دەبێت بۆ ماوەی15 ڕۆژ چاوەڕێ بکات، تاوەکوو بۆی دروست دەکرێت.
فرۆشیارێکی دیکەش دەڵێت: ڕۆژانە بە لای کەمەوە 100 بۆ 200 کڕیار سەردانمان دەکات. بابەتی فرۆشی سەرەکیمان ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و ئامێری شێلانە، بەناوبانگترین کاڵا و کەلوپەل لە دوکانەکەی ئێمەدا بەردەستە.
لەم بازاڕەوە کاڵا و کەلوپەل بۆ 140 وڵاتی جیهان هەناردە دەکرێت و ڕۆژانە زیاتر لە 70 بۆ 100 هەزار بازرگان و کڕیار دێن و سەردانی بازاڕەکە دەکەن.
بڕوا عەزیز، یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی کرینی کاڵا لە چین، کاڵا و کەلوپەل بۆ هاووڵاتییان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەکڕێت و دەینێرێتەوە. بروا دەڵێت: دوای کڕینی کاڵاکان، لە ماوەی مانگێکدا دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.
لە وڵاتی چین پێنج بازاڕی 'فوتیان' ھەیە، لەسەر ڕووبەری 5.5 ملیۆن مەتر چوارگۆشە دروست کراون و 75 هەزار دوکان لەخۆ دەگرن.