دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: داوا دەکەین تۆمەتبارانی کوشتنی هاووڵاتییەکی عەرەب لە سلێمانی بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن

لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا دەکات، تۆمەتبارانی کوشتنی هاووڵاتییەکی عەرەب لە سلێمانی بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن.

دووشەممە 23ـی ئەیلوولی 2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، دوای ئاگادار کردنەوەیان لەڕووداوێکی کوشتن لە شاری سلێمانی ڕۆژی یەکشەمە ڕێکەوتی 2024/9/22 دەڵێت: تیمی چاودێریی و بەدواداچوونی نووسینگەی سلێمانیمان ڕاسپارد بە مەبەستی ئەنجامدانی بەدواداچوون لە ڕووداوی تەقەکردن لە دوو هاووڵاتی بە ڕەگەز عەرەب لە شەوی 19 لەسەر 20ی ئەیلولی 2024 لەسەر شەقامی مەلیک مەحموود  لەناو شاری سلێمانی کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەویتریان بریندار کراوە، دەڵێت: تیمەکە بەدوا داچوونیان بۆ ئەو کەیسە کرد و سەردانی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانیان کرد بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری درووست لەسەر ڕێکارەکانی تایبەت بەو کەیسە، دەرکەوت کەیسەکە بەوجۆرە بووە کە کەیسەکە لەبەردەستی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانییە و کەسی تۆمەتبار کە تەقەی لەو دوو کەسە کردووە بە پێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و لەلایەن ئاسایشەوە ڕاگیراوە.

 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو کەسەی دووەم کە بریندار بووە لە نەخۆشخانەیە و لە ژێر چاودێری تەندروستیدایە و چارەسەر وەردەگرێت.

دەڵێت: ئێمه لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وێڕای ئەوەی ئیدانەی ئەو حاڵەتەو هەموو جۆرە توندوتیژی و تاوان و کوشتنێک دەکەین بەهەر بیانووێک بێت، لەهەمان کاتدا داوا دەکەین تۆمەتباران بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ و بەسزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن .

وەک دەستەش لەڕێگەی نوسینگەی سلێمانی دەستەوە، لەنزیکەوە چاودێریی ئەو کەیسە دەکەین و بەردەوام دەبین.