تۆڕی ڕاگه‌یاندنی عێراق و دەستەی ئەمینداران وەڵامی بانگەوازی سیستانی دەدەنەوە

هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی لوبنان
هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی لوبنان

سەرۆکایەتیی تۆڕی ڕاگه‌یاندنی عێراق و دەستەی ئەمینداران، وەڵامی بانگەوازی عەلی سیستانی دەدەنەوە بۆ بەرجەستەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و غەززە.

دووشەممە23ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆکایەتیی تۆڕی ڕاگه‌یاندنی عێراق و دەستەی ئەمینداران ئاماده‌یی خۆیان نیشان دا بۆ  ڕووماڵی مێدیایی و بەرجەستەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و غەززە، هاوکات نیشاندانی خۆڕاگریی خەڵکی لوبنان و فەڵەستین لە بەرامبەر هێرشه‌كانی ئیسرائیل.

سەرۆکایەتیی تۆڕی ڕاگه‌یاندنی عێراقی و دەستەی ئەمیندارانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، ئاماژەیان بەوە کردووە، لە وەڵامی بانگەوازی مه‌رجەعی باڵای ئایینی(عەلی سییستانی)، سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و خۆڕاگرییه‌كانی خەڵکەکەی، تۆڕی ڕاگه‌یاندنی عێراق، لەگەڵ دەستەی ئەمینداران و سەرۆکایەتی و کارمه‌ندانی، پشتیوانیی خۆیان بۆ خەڵکی لوبنان ڕاگەیاندووە كه‌ ڕووبه‌ڕووی هێرشی ئیسرائیل دەبنەوە، بە قسەی ئەو تۆڕە و دەستەی ئەمینداران، ئەو هێرشانەی ئیسرائیل دەکرێنە سەر سه‌روه‌ری لوبنان  و دەڵێن: ئێمە بە هەموو ئاماده‌یی مێدیاییه‌وه‌، کار بۆ ڕووماڵكردن و بەرجەستەکردنی جەنگەی سەر ‌لوبنان وغه‌ززه‌ و خۆڕاگریی هه‌ردوو گه‌لی لوبنانی و فه‌ڵه‌ستینی دەکەین.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی عەلی سیستانی لەنەجەف لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کە لەم ڕۆژگارە سەختەدا کە گەلی لوبنانی پێدا تێدەپەڕێت و هێرشی ئاسمانی توند دەکرێتە سەریان کە بووەتە هۆی  کوژران و ئاوارەبوونی دەیان هاووڵاتی، دەڵێین: مەرجەعی باڵا، عەلی سیستانی، پشتیوانیی خۆی بۆ هاووڵاتیانی لوبنانی ڕادەگەیەنێت و لەم دۆخە ناهەموارەیاندا هاوخەم و هاوسۆزیانە ودەستی دوعاو نزا بۆ یەزدانی مەزن بەرز دەکاتەوە کە بیانخاتە بەردلۆڤانی خۆی و بیانپارێزێت .

عەلی سیستانی داوای کرد کۆششەکان  بخرێنە گەڕ بۆ وەستاندنی جەنگەکە و هاووڵاتییانی لوبنانی بپارێزرێن.