وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی جەختی لە پێویستیی دووبارە کردنەوەی لوولەی نەوتی عێراق و تورکیا کردەوە
![کۆبوونەوەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Sep-2024/1727123184172712029756ق44.jpg)
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت: محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جەختیان لە پێویستیی دووبارە کردنەوەی لوولەی نەوتی عێراق و تورکیا کردووەتەوە.
دووشەممە 23ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو لا گفتوگۆیان لەبارەی هەوڵەکان بۆ ڕێگریی لە گرژبوونی دۆخی ناوچەکە کردووە و جەختیان لە گرنگی هاوبەشیی ستراتیجی ئەمەریکا و عێراق کردووەتەوە.
هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە، بلینکن و سوودانی پابەندیی خۆیان بۆ هەماهەنگی زیاتر لە بواری گەشەسەندنی ئابووری دووپات کردووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، محەممەد شییاع سوودانی و ئەنتۆنی بلینکن گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕینی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش پابەندیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵە بەردەوامەکان لە پێناو عێراقێکی سەقامگیر، ئاسایش و سەروەر دەربریوە.