پارێزگای واست.. کەسوکاری قوتابیان نیگەرانن لە نەبوونی قوتابخانە و مامۆستای پسپۆر

ساڵی نوێی خوێندن وەک هەر ساڵێکی دیکە بە کۆمەڵێک کێشەوە لە پارێزگای واست دەستی پێ کرد. کەسوکاری قوتابیان لەدۆخی پەروەردەی واست نیگەرانن و بە دڵشکاویەوە باس لەو دەیان کێشەیە دەکەن کە منداڵەکانیان لەکاتی خوێندندا تووشی دەبن، لەوانەش خراپیی قوتابخانەکان و دابەشکردنی کتێبی کۆن بەسەریاندا، ئەوە لەگەڵ هەبوونی ژمارەیەکی زۆر قوتابی لەیەک پۆلدا.
هاووڵاتیەکی پارێزگاکە دەڵێت: ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێ کرد و کێشەکان دیسان هاتنەوە بەرباس، چەندین کێشەمان هەیە لەوانە نەبوونی قوتابخانە و نەبوونی مامۆستای پسپۆڕ بۆ بابەتە جیاوازەکان، بەداخیشەوە تا ئێستا هیچ چارەیەکی بنەڕەتی و تەواو بۆ ئەم کێشانە نەدۆزرانەتەوە، هەروەها پێشکەش نەکردنی پێویستییەکانی خوێندن لەلایەن قوتابخانەکانەوە، ئەمەش وا دەکات دایک و باوکەکان خۆیان پێداویستییەکان بکڕن.
هاووڵاتیەکی دیکە گوتی: کێشەی زۆرمان هەیە، نەبوونی قوتابخانە، نەبوونی مێز و کورسی، هەروەها نەبوونی مامۆستای پسپۆڕ، بەشێک لە مامۆستاکان پسۆڕ نین و هەندێکیان لە وانەگوتنەوەدا کەمتەرخەمن.
لەسەر هەمان پرس، هاووڵاتیەکی دیکەی پارێزگای واست ڕایگەیاند، دایک و باوکەکان ناچارن هەموو ساڵێک لەگەڵ دەستپێکردنی خوێندن پێداویستی بۆ منداڵەکانیان بکڕن، نرخی ئەو پێداویستیانەش ساڵ بەساڵ زیاد دەکات، ژمارەیەکی زۆریش لە کۆمپانیا هاتوونەتە عێراقەوە و لەم بوارەدا کار دەکەن، بەبێ ئەوەی چاودێریی بکرێن. بەرپرسیارێتی لەسەر وەزارەتی پەروەردەیە بۆ ئەوەی لانیکەم پێداویستیی خوێندن بەسەر قوتابیان دابەشبکات چونکە خەڵک هەژار و بێکارن.