ئەمڕۆ شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەگاتە هەولێر

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

شاندێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چۆنییەتی چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دێتە هەولێر.

د. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 24-09-2024، شاندێکی لیژنەی دارایی بگاتە هەولێر.

بە گوتەی د. خەلیل غازی کە ئەندامی شاندەکە دەبێت، سبەینێ چوارشەممە، 25-09-2024، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی و ژمارەیەک وەزارەتی پەیوەندیداری دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ لەبارەی پرسی مووچە و بودجە کۆ دەبێتەوە.

ئامانج لە کۆبوونەوەکان، وەکوو ئەوەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی کرد "لە نزیکەوە ئاگاداربوون و خستنەڕووی ژمارەیەک پێشنیازە بۆ چارەکردنی کێشە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان".

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری داوە بڕی کورتهێنانی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی 243 ملیار دینارە، بنێرێت.

کۆبوونەوەکەی وەزارەتی دارایی لە بەغدا

دووشەممە، 23-09-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بڕیاربوو شاندێکی باڵای حکوومەت بچێتە بەغدا، بەڵام تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئێستا لە بەغدایە و کۆبوونەوەکانیان دەست پێ کردووە".

وەکو ئەوەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی کرد، شاندەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی "لیستی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول (هەشت و نۆ) و میزانیەی پێداچوونەوەیان لەگەڵ خۆ بردووەتە بەغدا و وەڵامی هەموو پرسیارەکانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق دەدەنەوە".

ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە

بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.

Fly Erbil Advertisment