کوێستان محەممەد: پاس و پارەی گیرفان و ژەمێک خواردن بۆ قوتابیانی نابینا و کەمئەندام دابین کراوە
"لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا توانیومانە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دەست بە خوێندن بکەین"

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای لێدانی زەنگی خوێندنی ساڵی نوێ لە پەیمانگەی ڕوناکی بۆ نابینایان لەهەولێر، گوتی: چەندین قوتابیمان توانییویانە بچنە پەیمانگە و زانکۆ، هەروەها توانییویانە بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش بەدەست بهێنن.
کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، پیرۆزبایی لە قوتابیان و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان دەکەم، بەتایبەتی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت لە پەیمانگەکانی 'ڕوناکی، ئاوات، هیوا و هانا' کە سەربە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتییە، لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک.
گوتیشی: لە گەرمیان دوو پەیمانگەی نابینایان و نابیستانمان هەیە بەناوەکانی 'هیوا و ڕوناکی'، هەروەها لە قەزای کۆیەش دوو پەیمانگەمان بەهەمان ناو هەیە، دەشڵێت: ئەمڕۆ زەنگی ساڵی نوێی خوێندنمان لە پەیمانگەی ڕوناکی نابینایان لە هەولێر لێدا، کە 72 منداڵی نابینا و کەمبینا تێیدا درێژە بە خوێندن دەدەن.
ئاماژەی بەوەش دا، چەندین قوتابی نابینا و کەمبینامان هەیە توانیویانە پەیمانگە و زانکۆ تەواو بکەن و بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش بەدەست بهێنن. هەروەها منداڵەکانمان لە پەیمانگەی ڕوناکی پرۆگرامی پەروەردە دەخوێنن، کە ساڵی پار 20 منداڵ چوونەتە پەیمانگەی هیوای نابیستان لە هەولێر.
وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی جەختی کردەوە، منداڵانی کەمئەندام و بیرکۆڵ و داون، لە پەیمانگەی ئاوات و هانا، ڕاهێنانیان پێدەکرێت و فێری کاری جیاجیا دەکرێن، بۆیە لەم کاینەیەدا لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا توانیومانە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دەست بە خوێندن بکەین، چونکە لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی ڕێکارەکانی گرتنی پاس و دابینکردنی پێداویستییەکان، خوێندن چووەتە مانگی 12 و 1، بەڵام لەماوەی ئەو چوارساڵەدا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دەستمان بە خوێندن کردووە. هەروەها پاس و پارەی گیرفانمان بۆ دابین کردوون. کە ئەمساڵ ژەمێکی خواردنیشیان پێ دەدرێت.