تیروپشک بۆ ناوی حاجیانی ئەمساڵ دەکرێت، پشکی حاجیانیش زیاد کراوە

بەڕێوەبەری گشتی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تیروپشکی گەشتی حەج بۆ ئەو هاووڵاتیانە دەکرێت کە لە ساڵی 2017 و 2023 فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، کە ژمارەیان زیاتر لە 117 هەزار کەسە.

شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونی لیژنەیەک کە پێکدێت لە نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی دادوەران و ڕێکخەری پرۆسەکە و نوێنەری وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئاینی تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە دەکرێت کە بەنیازن گەشتی حەج بکەن.

گوتیشی: تیروپشکەکە بۆ ئەو هاووڵاتیانەیە کە لە ساڵی 2017 و 2023 فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و کراونەتە یەک لیست و تیروپشکەکە دەکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ساڵ هیچ ناونووسینێک بۆ هاووڵاتیان نەکراوە بۆ گەشتی حەج.

 نیاز نەقشبەندی ڕاشیگەیاند، ئەوانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە پێنج جۆر گرووپن، کە "پیاو بەتەنیا، ئافرەت بەتەنیا، ژن و مێرد"ـن، هەروەها گرووپی سیانیشمان هەیە کە "دوو ئافرەت لەگەڵ پیاو و مەحرەم حاجی" واتە پیاوێک بە سایەی ئافرەتەکی گەشتی حەج بکات، کە حەجی نەکردووە.

دەشڵێت: ژمارەی ئەوانەی تیروپشکیان بۆ دەکرێت، بریتییە لە 117 هەزار و 120 هاووڵاتی، هەروەها توانراوە پشکی ئەم ساڵی حاجیانی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، کە دوو ساڵی ڕابردوو پشکی حاجیانی هەرێم 4685 پشکمان هەبوو، بەڵام ئەمساڵ بووەتە 5120 پشک.

 بەڕێوەبەری گشتی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، "لەو پشکانە ژمارەیەک پشک بۆ موڕشیدانی ئاینی و تیمی پزیشکی و کەسوکاری شەهیدان و گرووپی ئیداری سەرپەرشتی پرۆسەی حەج و شؤفێرانی پاس تەرخان دەکرێت، کە 72 پشک تەنیا بۆ شۆفێرانی پاسەکانە، بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە کە ئێمە تیروپشکیان بۆ بکەین بریتییە 4513 پشک.