نێیمار بەهۆی پێکانەوە نزیکەی چوار ساڵ لە یاریگەکان دابڕاوە

نێیمار دا سیلڤا
نێیمار دا سیلڤا

نێیمار دا سیلڤا ئەستێرەی بەڕازیلی یانەی هیلالی سعوودی، دەچێتە نێو لیستی ئەو یاریزانانەی زۆرترین کات بەهۆی پێکانە جۆراوجۆرەکانەوە لە یاریگەکان دابڕاون.

نێیمار تا ئێستا 38 جار تووشی پێکان بووە، لە مێژووی یاریکردنیدا نزیکەی چوار ساڵ لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە.

نێیمار دا سیلڤای 32 ساڵان، لە مێژوویدا 1294 ڕۆژ بەهۆی پێکانەوە لە یارییکردن بۆ سانتۆس، بارسێلۆنا، پاریس سانجێرمان و هیلال دابڕاوە، جگە لە یارییەکانی هەڵبژاردەی بەڕازیل، بە گشتی نێیمار بەهۆی پێکانەوە لە 233 یاریی دابڕاوە.

بەپێی پێگەی ترانسفێر مارکێت، هیچ یاریزانێک بەهۆی پێکانەوە هێندەی ئەبو دیابی فەرەنسی لە یاریگەکان دانەبڕاوە، ئەم یاریزانە 21 جار تووشی پێکان بووە، بەهۆیەوە لە 314 یاریی دابڕاوە و 1747 ڕۆژ لە یاریگەکان دوور کەوتووەتەوە.

لەدوای ئەویش، ستیفان یۆڤیتیچی سڕبی دەبینرێت، ئەم یاریزانەی پێشووی سێڤییا و مان سیتی بەهۆی 35 پێکان، لە 211 یاریی دابڕاوە و 1510 ڕۆژ دوورکەوتووەتەوە.

جگە لەم یاریزانانە، لە لیستەکەدا هەریەکە لە ڤینسێنت کۆمپانی یاریزانی پێشووی مان سیتی، تۆماس فێرمایلین بەرگریکاری پێشووی ئارسێناڵ و بارسێلۆنا و مارکۆ ریوسی ئەستێرەی پێشووی بۆرووسیا دۆرتمۆند و ئێستای لۆس ئانجێلێس گالاکسی دەبینرێن.