جووتسایدی سپیلک-خەلیفان؛ "ڕێگەکە وای کردووه بە ئاسانی بتوانین هاتووچۆ بکەین"

K24 – هەولێر:
ڕێگەی سپیلک-خەلیفان، بەشێکە لە ڕێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و سۆران، جووتسایدکردنی ڕێگەکە بووەتە هۆی کار ئاسانی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان. پرۆژەکە بە گوژمەی 64 ملیار دینار جێبەجێ کراوە.
پرۆژەی جووتسایدی سپیلک-خەلیفان، یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران؛ کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە 15ـی ئەیلوولی 2022، بەردی بناغەی دانا و ئێستا تەواو بووە.
درێژیی ڕێگەکە 8.5 کیلۆمەترە، لە پێچەکانی ڕێگەی سپیلکەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە دەروازەی شارەدێی خەلیفان و بە گوژمەی 64 ملیار دینار جێبەجێ کراوە.
بەشێک لە هاووڵاتییانی ناوچەکە بە فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاند، "دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین؛ جووتسایدکردنی ڕێگەکە وای کردووه بە ئاسانی بتوانین هاتوچۆ بکەین".
ڕێگەی سپیلک-خەلیفان، بەشێکە لە ڕێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و سۆران، بە جووتسایدکردنی ڕێگەکە، ئاسانکاریی زۆر بۆ هاووڵاتییان، گەشتیاران و بازرگانی دەکات.
ئەم پرۆژەیە یەکێکە لەو 585 پرۆژە گرنگەی ڕێگەوبان، کە لە کابینەی نۆیەم تەواو کراون؛ بەشێكە لە ڕێگەی هامڵتۆن كە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بە پارێزگای هەولێر دەبەستێتەوە و دەبێتە هۆکارێک بۆ بووژانەوەی کەرتی بازرگانی و گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.