هەواڵی کوژرانی نەسروڵلا بەهای تومەنی دابەزاند
بەهۆی ڕووداوەکانی لوبنان و کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، جارێکی دیکە بەهای تومەنی ئێرانی دابەزی.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 28-09-2024، بەهای 100 دۆلار لە بازارەکانی ئێران گەیشتە شەش ملیۆن و 120 هەزار تومەنی ئێرانی.
ئەو ئاستەی بەهای تومەن، نزمترین ئاستە لە ماوەی نزیکەی لە دوو مانگی ڕابردوودا دراوە ئێرانییەکە پێی گەیشتووە.
دابەزینی بەهای تومەن هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان.
بەشێک لە شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن "ئێستا لە هەموو کات زیاتر ئەگەری تەشەنەکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ئارادایە".
دوێنێ هەینی، لە کۆبوونەوەی لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ ئەگەر ئێران هەر هێرشێک بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا ڕاستەوخۆ وەڵام دەدرێتەوە. جەختیشی کردەوە "هیچ شوێنێکی ئێران نییە کە ئیسرائیل دەستی پێی نەگات".
کوژرانی حەسەن نەسروڵلا
ئێوارەی دوێنێ هەیینی، 27-09-2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەویەکی حیزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا بۆمباران کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 28-09-2024، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداریی گشتیی حزبوڵلای لوبنانی و چەندین فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو حزبەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ هەیینیدا، بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕاگەیاند.
هێرتز هالیفی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی نەسروڵلا ڕایگەیاند "پەیامەکەمان ڕوونە، دەگەینە هەموو ئەو کەسانەی هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەکەن".