ئەمشەو بارسێلۆنا دەیەوێت ریكۆردێكی نوێ تۆمار بكات
بارسێلۆنا دوای حەوت بردنەوەی لەسەریەک لە لالیگا ئەمجارەیان لە گەڕی هەشتەمی خولەکە و لە دەرەوەی یاریگای خۆی ئەمشەو لە كاتژمێر 22:00 رووبەڕووی ئۆساسۆنا دەبێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە بارسێلۆنا لە دوایین 5 یاریی بەرامبەر بارسێلۆنا هەر 5 یارییەكەی بردووەتەوە.
هانزی فلیک راهێنەری بارسێلۆنا، سەرەڕای ئەوەی هەر لە سەرەتای وەرز، بەهۆی پێکانی ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانەکانی تووشی گرفت بووە، بەڵام نەیهێشتووە کاریگەری لەسەر ئەنجامی یانەکانی بکات و تاوەکو گەڕی رابردوو، یەک خاڵیشی لەدەست نەداوە.
لە دوایین یەکەی مەشق و ئامادەکاری بارسێلۆنا، رافینها هێرشبەری بەڕازیلی بارسێلۆنا بەهۆی ئازار بەشداری راهێنانەکانی نەکرد، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو یاریزانە هیچ کێشەیەکی نابێت و بۆ یارییەکە ئامادە دەبێت، ئەمەش لە كاتێكدایە رافینها ئەم وەرزە بە تۆمار کردنی پێنج گۆڵ، پلەی سێیەمی ریزبەندی گۆڵکارانی لالیگای گرتووە.
دوای پێکانەکەی تێر شتیگن دەنگۆیەکی زۆر بڵاوبووەتەوە بارسێلۆنا لەگەڵ چیزنی گۆڵپارێزی پۆڵەندی گەیشتووەتە رێککەوتن، بەڵام هانزی فلیک راهێنەری ئەڵمانی یانەکە رایگەیاند، ئەوان دەتوانن تاوەکو کۆتایی وەرز سوود لە پینای گۆڵپارێزی دووەم ببینن.
لێدوانەكانی هانزی فلیک پێش یارییەكەی ئەمشەوەیان بەرامبەر ئۆساسونا
"ئینیاکی پینا گۆڵپارێزێکی باشە و دەتوانین تاوەکو کۆتایی وەرزی پشتی پێ ببەستین، ئەو گۆڵپارێزە متمانەی زۆری بە خۆی هەیە و هەماهەنگی باشی لەگەڵ یاریزانەکانی دیکە هەیە. لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە گواستنەوەی گۆڵپارێزی نوێ دەکەن، دەمەوێت بڵێم تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە. دی یۆنگ و گاڤی بە باشی راهێنان دەکەن، پێموایە دی یۆنگ بۆ یاریی داهاتوو بەشداری دەکات. ئێمە هیچ گرنگی بە یاریزانانی یانەکانی دیکە نادەین، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ بێت، بردنەوەی ئەم یارییەیە بەرامبەر ئۆساسۆنا".
ئامارەكانی بارسێلۆنا تۆقێنەرن
بارسێلۆنا لە پێنج یاریی رابردوو بەرامبەر ئۆساسۆنا هەر پێنج یارییەکەی بردووەتەوە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە شەش یاریی لەسەر یەک بەرامبەر رکابەرەکەی ئەمجارەیان بباتەوە، لەو پێنج یارییەش هەشت گۆڵی کردووە و لە بەرامبەردا تەنها دوو گۆڵی لێکراوە.
ئۆساسۆنا ئەم وەرزە بە باشی دەستی پێکردووە و لە کۆی حەوت یاریی رابردوویان، تەنها یەک یارییان دۆڕاندووە، ئەویش بەرامبەر رایۆ ڤایێکانۆ بوو، لە بەرامبەدا سێ یارییان بردووەتەوە و لە دوو یاری دیکەش بەرامبەربوونە.