لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشنیازی گۆڕینی گرێبەستە نەوتییەکان دەکات
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشنیازی گۆڕینی گرێبەستە نەوتییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان دەکات.
ڕۆژی چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە.
د. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-09-2024، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی دارایی پێشنازێکی نوێی لەبارەی چارەکردنی کێشەی بەرهەمهێنان، هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و گرێبەستی کۆمپانیاکانی نەوت بۆ سەرۆک وەزیران خستووەتە ڕوو.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، لە 25-03-2023وە ڕاگیراوە و هێشتا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەکراوەتەوە.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی "لیژنەکە پێشنیازی کردووە گرێبەستە نەوتییەکان، لە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانەوە بۆ گرێبەستی هاوبەشی قازانج بگۆڕدرێن، بەو ئامانجەی دادپەروەری زیاتر لە دابەشکردنی داهاتەکاندا بەدەست بهێنێت".
وەکوو ئەوەی ناوبراو باسی کرد "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لاریی نییە لە جێبەجێکردنی پێشنیازەکە، بەڵام پێویستە کۆمپانیاکانی نەوتیش لە هەرێمی کوردستان پێشنیازەکە قبووڵ بکەن کە تاوەکوو ئێستا بڕیاری خۆیان نەداوە".
د. خەلیل غازی ئاماژەی بەوەش دا "ئامانجێکی سەرەکی سەردانی شاندەکە بۆ هەرێمی کوردستان، زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکانی، وەکو گومرگ و باج بووە. هەردوولا لێکگەیشتنی باشیان لەبارەی چارەکردنی زۆرینەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەبوو".
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوی کردبووەوە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی گوتبوو: بەهۆی وەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 19 ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان و بودجەی گشتیی فیدراڵ کەوتووە، بۆیە پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ بکاتەوە و لە هەمانکاتدا، کار لە سەر دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گازی فیدراڵ بکرێت.
"پێشنیازەکە لە بەرژەوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە"
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-09-2024، نەهرۆ ڕواندزیی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، جێبەجێکردنی ئەو پێشنیازەی لیژنەی دارایی پێشکەشی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیی کردووە "لە بەرژەوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوتیش نییە".
ڕواندزیی پێی وایە، شێوازی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان لەبەر چەند هۆیەک لە شێوازی گرێبەستی هاوبەشی قازانج باشترە، لە نێویشیاندا "گەندەڵی تێیدا نییە و پشت بە نرخی نەوت نابەستێت؛ واتا ئەگەر نرخی نەوت بۆ ئاستێکی زۆریش داببەزێت، قازانجی هەر دەبێت".
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز باسی لەوە کرد "حکوومەتی عێراق شێوازی گرێبەستی هاوبەشی قازانج لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بەستووە؛ ئەمەش وایکردووە گەندەڵییەکی زۆر لە داهاتی نەوت و ئەو جۆرە گرێبەستانەدا هەبێت؛ بە جۆریک، حکوومەتی فیدراڵی بیر لە گۆڕینی شێوازی گرێبەستەکان بکاتەوە".
لەبارەی دەرکردنی یاسای نەوت و گازیش، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز پێی وایە، لە سەردەمی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرناکرێت، چونکە وەکوو خۆی گوتی: دەرکردنی ئەو یاسایە لە بەرژەوەندیی زۆرێک لە لایەنەکانی عێراق نابێت، ئەگەر نا سوودانی خۆی پێی باشە کار لەسەر دەرکردنی یاساکە بکرێت.