گوهدار شێخۆ: لە ماوەی سێ ساڵدا 12 قوتابخانە لە زاخۆ دروست کراون
سێ قوتابخانە و باخچەیەکی ساوایان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرانەوە و بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی نوێش دانرا.
دووشەممە، 30-09-2024، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە ڕێوڕەسمێکدا سێ قوتابخانە و باخچەیەکی ساوایانی کردەوە؛ هاوکات، بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی نوێیشی دانا.
گوهدار شێخۆ، لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 12 قوتابخانەی لە سنوورەکەمان دروست کردووە و 50 قوتابخانەیشی نۆژەن کردووەتەوە".
وەکوو ئەوەی گوهدار شێخۆ لە بەشێکی قسەکانیدا باسی کرد "ئاستی خوێندن لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، %25 بەرز بووەتەوە". گوتیشی: لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، دەیان خولی ڕاهێنان بۆ مامۆستایان کراونەتەوە بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئاستی خوێندن.
دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەکان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بوو، کە لەو ڕێگەیەوە کاروباری ئیداری ئاسانتر و دەسەڵاتی بڕیاردانیش زیاتر بوو.
ڕۆژی 20-09-2021، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دامەزرێندرا. بەم بڕیارە، دەستی زیاتری ئاوەدانی گەیشتە زاخۆ و کاروباری ڕۆژانەی خەڵکیش ئاسانتر ڕایی دەکرێن.
له سهردهمی کابینەی نۆیەم، 13 پرۆژەی گرنگ و ستراتیجیی به گوژمەی زیاتر لە 83 ملیۆن دۆلار مۆڵهتیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ وهرگرتووه کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ كاریگهرییان لهسهر بووژاندنەوەی کەرتەکانی بازرگانی، گەشتیاریی و پیشەسازیی ئیدارهكه هەبووە.
بێجگە لەم 13 پرۆژە گرنگ و ستراتیجییە، پرۆپۆزهل بۆ وهرگرتنی مۆڵهتی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی جۆراوجۆری وەبەرهێنان، پێشكهشی بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی وهبهرهێنانی زاخۆ كراون و دوای پێداچوونهوه و گرتنهبهری ڕێكاره یاسایی و كارگێڕییهكان؛ مۆڵهتیان پێ دهدرێت.
لەوەتەی زاخۆ بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ، ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی 286 پرۆژە لەو سنوورە دراوە؛ 218ـیان تەواو بوون و 68 پرۆژەی دیکەش لە جێبەجێ کردندان و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەونە خزمەتی هاووڵاتییان.