دیدیە دیشامپ: گریزمان هەرگیز فێڵی نەدەکرد

دیدیە دیشامپی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا بە بڕیاری وازهێنانی ئانتوان گریزمان لە یاریی نێودەوڵەتی شۆکبووە و باس لە هەوڵەکانی بۆ پاشگەزبوونەوەی یاریزانەکە دەکات.
ئەمڕۆ ئانتوان گریزمانی یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی بە فەرمی رایگەیاند: کە بە یەکجاری واز لە یاریی نێودەوڵەتی دەهێنێت.
بڕیارەکەی گریزمان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بە ماوەیەکی کەم میدیاکانی تەنی.
دیشامپ لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دەڵێت: گفتوگۆیەکی دوور و درێژم لەگەڵ گریزمان کرد لەبارەی وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی، ئێمە لە هەڵبژاردەی فەرەنسا پەیوەندییەکی باشمان هەبوو، هەموو شتەکانمان روون و راشکاوبوون، یەکەم یارییم بە درێسی کەڵەشێرەکانەوە بە بیر یاریزانەکە هێنایەوە بەڵام سوودی نەبوو.
دیدیە دەشڵێت: ئانتوان ئەستێرەی تۆپی پێی فەرەنسایە و هەر ئاواش دەمێنێتەوە، ئەو یەکێکە لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژووی فەرەنسا، جگە لە تۆمارکردنی 44 گۆڵ و 30 ئاسیست، شوێنپەنجەی گەورەی لەسەر ئەو دەستکەوتانە هەیە، کە لە ماوەی تەواوی ئەو 10 ساڵە بەدەستمانهێناوە.
لە درێژەی قسەکانی ئاماژەی بەوە کردووە "ئەو لە هەموو کاتەکان بە رووحیەتی تیم یاریی دەکرد و لە هێڵی هێرشبەر یاریزانێکی دەگمەن بوو. لە هەمووی گرنگتر، ئەو هەرگیز فێڵی نەدەکرد و لە دڵەوە سوپاسی دەکەم بۆ هەموو ئەو شتانەی پێشکەشی فەرەنسای کردووە.
ئانتوان گریزمان لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا 137 یاریی و 44 گۆڵی کردووە، نازناوی مۆندیال و نەیشن لیگی لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەدەستهێناوە و ئەمڕۆ بڕیاریدا واز لە یاریی نێودەوڵەتی بهێنێت.